پزیشکەکان دوای پشکنینی جەستەیی سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند کە جۆو بایدنی تەمەن 80 ساڵ تەندروستە و توانای بەڕێوبردنی ئەرکەکانی هەیە.
کیڤن ئۆکانێر پزیشکی کۆشکی سپی لە پوختەیەکی پشکنینی تەندروستیدا ڕایگەیاند "باری تەندروستی سەرۆکی ئەمەریکا باشە و دەتوانێت بەرپرسیارێتیەکانی بە تەواوی جێبەجێ بکات."
پشکنینی جەستەیی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژێک لەمەوبەرەوە هەندێک لە میدیاکان لە سەروبەندی ئەگەری دووبارە کاندیدکردنی بایدن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ، بەدواداچوون بۆ تاقیکردنەوە ساڵانەیەکەی ناوبراو دەکەن.
سەرۆکەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی ساڵانە پشکنینیان لە سەنتەری پزیشکی سەربازی واڵتەر ڕید لە ویلایەتی میریلاند بۆ ئەنجام دەدرێت.
جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە نزیکەی سێ کاتژمێر و نیو لەو سەنتەرەدا بوو بۆ پشکنینی جەستەیی و دەوترێت بە بەراورد بە ساڵی پێشوو نزیکەی سێ کیلۆ لە کێشی دابەزیوە.
تەندروستی بایدن وەک بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکا بووەتە جێگای پرسیاری خەڵک و ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگدەران نیگەرانییان هەیە سەبارەت بە توانای سەرۆکایەتیکردنی ناوبراو بۆ چوار ساڵی دیکە ئەگەر بێتۆ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 دا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز