Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: مێکوتەی مەیمون وەک قەیرانێکی تەندروستی جیهانی دەمێنێتەوە


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند سەرباری کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی مێکوتەی مەیمون، هێشتا ئەو ڤایرۆسە بە مەترسی بۆ سەر تەندروستی جیهانی دادەنرێت.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێسیس دوای ڕاسپاردەکانی لیژنەی فریاکەوتنی دەزگای تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەینی ڕابردوو کۆبووەوە، گەیشتە ئەو ئەنجامە.

تێدرۆس لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی "لیژنەکە ئامۆژگاری کردووم کە بە بۆچوونی ئەوان، mpox وەک حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستی جیهانی دەمێنێتەوە، منیش ئەو ئامۆژگارییەم قبوڵ کردووە."

بەرپرسان دەڵێن سەرنجیان داوە کە ئەو ڤایرۆسە لە مانگی 5ی ساڵی ڕابردوودا سەری هەڵدابووەوە.

ئەم نەخۆشییە خۆی لە ساڵی 1970 دا لە نێو مرۆڤ لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دۆزرایەوە. ڤایرۆسەکە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر دەگوازرێتەوە بەڵام بە زۆری لەو کاتەوە هەر لە چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوا و ناوەندی ئافریکا دەرکەوتبوو.

بەڵام لە مانگی پێنجی ڕابردوو حاڵەتەکانی ئەم ڤایرۆسە، کە بریتییە لە تا، ئازاری ماسولکەکان و سوربوونەوەی قاچەکان وەکو سوتاوی، لە نێو سەرانسەری جیهاندا بینراوە.

لە 23 ی حەوتی ساڵی 2022 ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باری نائاسایی ئەم ڤایرۆسەی ڕاگەیاند و نیگەرانی خستە ڕوو.

لیژنەی فریاگوزاری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە mpox هەر سێ مانگ جارێک کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دیاری بکات کە ئایا ئەو دۆخەی نائاساییە بمێنێتەوە یان نا.

تیدرۆس وتی لیژنەکە دانی بە پێشکەوتنەکاندا ناوە لە کەمکردنەوەی گواستنەوەی نەخۆشییەکان.

گوتیشی زیاتر لە 30 وڵات هێشتا تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمار دەکەن و لە هەندێک ناوچەشدا ڕەنگە هەموو حاڵەتەکان دەستنیشان نەکرابن و تۆمار نەکرابن، بۆیە پێویستە هەموو وڵاتان بە وریاییەوە بمێننەوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هەتا ئێستا 85 هەزار و 860 حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە سەرانسەری 110 وڵاتدا تۆمارکراوە، لەنێویاندا 93 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە.






XS
SM
MD
LG