سێ بارهەڵگری خاچی سوور کە 40 تۆن کەرەستەی فریاگوزاری وەک قەرەوێڵە، چادر، بەتانی، کەلوپەلی چێشتخانە، خۆراک، ئاو، پێداویستی پزیشکی و بەرهەمی پاکوخاوێنی بارکرابوون، بەیانی ڕۆژی هەینی ئەسینای پایتەختی یۆنانی بەجێهێشت.
بەرپرسی خاچی سوور ئەنتۆنیس ئاڤێنێرۆس بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند، لە یەکەم ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە دامەزراوەکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ مانگی سووری تورکیا بۆ ئەوەی پێداویستییە بەپەلەی لێقەوماوان دیاری بکات.
لەلایەکی دیکەوە فڕۆکەیەکی گواستنەوە لەگەڵ کارمەندانی پزیشکی سەر بە وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا گەیشتە تورکیا کە تیمێکی 21 کەسی تێدابوو.
باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە ئەنقەرە ڕایگەیاندووە، "فڕۆکەیەکی ئەمبولانس"ی سەر بە هێزی ئاسمانی شاهانەی هۆڵەندا لە فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا نیشتووەتەوە، لەوێ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و کارەسات و بەڕێوەبردنی فریاکەوتنی تورکیا "ئافاد" کارەکانی ئەنجام دەدات.
باڵیۆزخانە زیادی کرد، لە بەیاننامەیەکدا، فڕۆکەکە نزیکەی 70 کەسی نەخۆش و بریندار لە هەر گەشتێکدا لە ناوچە بوومەلەرزەییەکان دەگوازێتەوە بۆ دامەزراوە تەندروستییەکانی ناوچەکانی دیکە، بە یاوەری شارەزایانی تەندروستی هۆڵەندی.
هەروەها خاچی سووری فینلەندا، لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی دامەزراوەکەدا بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە کە بڕی 300 هەزار یۆرۆی وەک هاوکاری بۆ ئەو کەسانە ناردووە کە بەهۆی بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە.
سەرچاوە/ دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا