ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هۆشداری دایە تورکیا سەبارەت بە هەناردەکردنی ماددە کیمیاییەکان و مایکرۆچیپەکان و بەرهەمەکانی دیکە بۆ ڕووسیا کە دەتوانرێت لە هەوڵەکانی جەنگی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا بە کاربهێنرێت و ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەمەریکا هەنگاو بنێت بۆ سزادانی کۆمپانیا یان بانکەکانی تورکیا کە سەرپێچی سزاکان دەکەن.
برایان نێڵسن، بەرپرسی باڵای کەرتی سزاکانی وەزارەتی خزینەی ئەمەریکا، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی سەردانی بەرپرسانی حکومەتی تورکیا و کەرتی تایبەتی ئەو وڵاتەی کرد و داوای هاوکاری زیاتری لێکردن بۆ ڕێگیریکردن لە ڕۆیشتنی ئەو جۆرە کاڵایانە بۆ ڕووسیا.
نێڵسن لە وتارێکدا بۆ بانکدارانی ئەو وڵاتە گوتی "بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەناردەکردنی تورکیا بۆ ڕووسیا لە ماوەی ساڵێکدا، دامەزراوە تورکییەکان بەرەوڕووی مەترسی سزاکان دەکاتەوە، یان دەستڕاگەیشتنیان بە بازاڕەکانی گروپی حەوت(G7) لەدەست دەدەن.
نێڵسن گوتیشی"تورکیا پێویستە زیاتر خۆی بپارێزێت لە مامەڵەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی ئەو تەکنەلۆژیانەی کە دەتوانرێت لەلایەن کۆمەڵگەی سەربازی-پیشەسازیی ڕووسیاوە بەکاربهێنرێت.
بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا کە داوای کردووە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت، نێڵسن و شاندێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنکەرە و ئەستەنبوڵدا تیشکیان خستوەتە سەر دەیان ملیۆن دۆلاری هەناردەکردنی تورکیا بۆ ڕووسیا کە مایەی نیگەرانی ئەمەریکا بووە.
ئەو بەرپرسە گوتیشی"شتەکە سەیر و سەرسوڕهێنەر نییە، ڕوونە کە ڕووسیا چالاکانە هەوڵدەدات سوود لەو پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ تورکیا وەربگرێت، پرسیارەکە ئەوەیە کە وەڵامی تورکیا بە داواکارییەکانی ڕووسیا چی دەبێت؟!"
ئەنکەرەی ئەندامی ناتۆ کە دژایەتی گەمارۆ و سزا بەرفراوانەکانی سەر ڕووسیا دەکات، دەڵێت لە تورکیادا سزاکان پێشێل نەکراون و داوا لە ڕۆژئاواش دەکات هەر بەڵگەیەکی هەیە بیخاتەڕوو لەو بارەیەوە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا ، دوای لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا، کۆنترۆڵی هەناردەکردن و سزاکانیانیان بۆ سەر ڕووسیا جێبەجێ کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەناڵەکانی هەناردەکردن لە هۆنگ کۆنگ و تورکیا و ناوەندە بازرگانییەکانی دیکەوە بە کراوەیی ماونەتەو.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز