Accessibility links

دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕووسیا بنەماکانی پاراستنی منداڵان لە ئۆکرانیا پێشێل دەکات


فیلیپۆ گراندی بەرپرسی باڵای دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان

بەرپرسی باڵای دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕووسیا لە کاتی جەنگدا "بنەما بنەڕەتییەکانی پاراستنی منداڵان" پێشێل دەکات بە پێدانی پاسپۆرتی ڕووسی بە منداڵانی ئۆکرانی و دانانیان بۆ بەخێوکردن لە لایەن خیزانی ڕووسییەوە.

فیلیپۆ گراندی لە ئۆفیسەکانی UNHCR لە کیێڤ دوای گەشتێکی شەش ڕۆژە بۆ وڵاتەکە، وتی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە دەزگاکەی کردووە هەوڵی زیاتر بدات بۆ یارمەتیدانی منداڵانی ناوچە داگیرکراوەکان کە ئەمەیان بەسەردا دێت.

گراندی وتی: پێدانی ڕەگەزنامەی ڕووسی یان دانانی منداڵەکان بۆ بەخێوکردن پێچەوانەی بنەما بنەڕەتییەکانی پاراستنی منداڵە لە بارودۆخی شەڕدا.

ناوبراو وتیشی: ئەمە شتێکە کە لە ڕووسیا ڕوودەدات کە نابێت ڕووبدات.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ گراندی ڕۆژی چوارشەممە، داوای کرد میکانیزمێک دابنرێت بۆ بەرگریکردن و گەڕاندنەوەی منداڵان و گەورەساڵانی دیپۆرتکراوی ڕووسیا، هەروەها سزادانی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن.

گراندی وتی دەزگاکەی نەیتوانیوە ژمارەی ئەو منداڵانە بخەمڵێنێت کە پاسپۆرتیان پێدراوە یان دانراون بۆ بەخێوکردن، چونکە دەستڕاگەیشتنیان لە ڕووسیا زۆر سنووردارە.

"ئێمە بەردەوام بەدوای دەستڕاگەیشتندا دەگەڕێین، دەستڕاگەیشتنیش تاڕادەیەک زۆر سەخت بووە، و بێ بەربەست نەبووە."

ڕووسیا ڕایگەیاند، تۆمەتەکانی ڕفاندنی منداڵانی ئۆکرانیا ڕاست نییە.

بەپێی ئاژانسی تاس، دیپلۆماتکاری ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دیمیتری پۆلیانسکی لە مانگی حەوتی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە، "ئێمە بە توندی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە ڕەتدەکەینەوە کە گوایە دەسەڵاتدارانی ڕووسیا منداڵان دەڕفێنن".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG