میدیاکانی فەرمی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆیان دەریدەخەن عەلیرەزا ئەکبەری هاووڵاتی بەریتانی – ئێرانی کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە، ڕۆڵی هەبووە لە تیرۆرکردنی زانای باڵای ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2020دا.
ئەو گرتە ڤیدیۆییە دوای ڕۆژێک پەخشکرا کە میدیاکانی فەرمی ئێران ڕایانگەیاند، سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەکبەریدا سەپێنراوە کە پێشتر وەک جێگری وەزیری بەرگری ئێران بووە، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا، کە داوای ئازادکردنیان کردووە.
تا ئێستا ئێران ئاماژەی بەوە نەکردووە کەی حوکمەکەی ئەکبەری جێبەجێ دەکرێت. ماڵپەڕێکی هەواڵی توندڕەو ڕایگەیاندووە کە ئەکبەری ڕۆژی پێنجشەممە لە سێدارە دراوە بەڵام تا ئێستا هیچ ئەو هەواڵە بە فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە. سەرچاوەیەک بە دەزگای ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە ئەکبەری گواستراوەتەوە بۆ خانەیەکی تاکەکەسی کە بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە خەریکە لە سێدارە دەدرێن.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەی ئەکبەری کە میدیای فەرمی وڵاتەکە بڵاوی کردۆتەوە، دانی بە تێوەگلانی خۆیدا ناوە لە تیرۆرکردنی زانا موحسین فەخریزادە، کە لە هێرشێکی ساڵی 2020 دا لە دەرەوەی تاران کوژراوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە بریکارێکی بەریتانی داوای زانیاریی لەسەر کردووە.
ئەکبەری لە تۆمارێکی جیادا کە ڕۆژی چوارشەممە لە لایەن بی بی سی فارسییەوە پەخشکرا، ڕایگەیاند کە دوای ئەشکەنجەدانی بەرفراوان دانی بە تاوانەکاندا ناوە کە ئەنجامی نەداوە.
نووسینگەی دەرەوەی بەریتانیا ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بدات.
لیۆ دۆچێرتی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لە پەرلەمانی بەریتانیا سەبارەت بە دۆسیەی ئەکبەری، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هیچ هەواڵێکمان نییە و لەلای منەوە هەڵە دەبێت ئەگەر قسە لەسەر هەر چالاکیەکی داهاتوو بکەم.
ڕۆژی چوارشەممە، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، لەسێدارەدانی ئەکبەری پلان بۆ داڕێژراوە و پاڵنەرێکی سیاسییە و داوای کرد دەستبەجێ ئازاد بکرێت. هەروەها نووسینگەی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئەولەویەتی کارەکانیان دەستەبەرکردنی ئازادکردنی دەستبەجێی بووە.
ئەو سەرچاوەیە لە تاران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "شەوی سێشەممە ئەکبەری بۆ بەشی دابڕانی زیندانەکە گواستراوەتەوە و داوا لە کەسوکاری پلە یەکی کرابوو کە دوا سەردانی بکەن".
ڕۆژنامەی بی بی سی ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، هاوسەرەکەی ئەکبەری هەروەها ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتداران بە خێزانەکەیان وتووە کە دوا سەردانی بکەن بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت کە لە زینداندایە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز