Accessibility links

کرێملن: لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا پوتن و سەرۆکی ئێران جەخت لە پەیوەندییە دووقۆڵیەکان دەکەنەوە


کرێملن ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران قسەی کردووە و هەردوو سەرکردە جەختیان لەسەر قووڵکردنەوەی هاوکارییە سیاسی، بازرگانی و ئابوورییەکان کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئایا ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە کەی ئەنجام دراوە یان هیچ باسێک سەبارەت بە پێدانی چەکی ئێران بۆ مۆسکۆ کراوە یاخود نا. ڕووسیا لە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا لە مانگی دووی ئەمساڵەوە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەی غەیرە ڕۆژئاوایی چڕتر کردووەتەوە.

کرێملن گوتی: کۆمەڵێک بابەت لە کارنامەی دووقۆڵیدا تاوتوێ کران، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر زیاتر گرینگیدان بە هاوکارییەکان لە بوارەکانی سیاسی، بازرگانی و ئابووری، لەوانەش کەرتی گواستنەوە و لۆجستی.

بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە لە تاران چاوی بە سەرکردەکانی ئێران کەوت و هەردوو وڵات بەڵێنی پەیوەندی نزیکتریان دا.

سەردانەکە دوای ئەوە هات کە ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا ڕایانگەیاند ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا.

ئێران دەڵێت پێش دەستپێکردنی جەنگ ژمارەیەکی کەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕووسیا ناردووە. مانگی ڕابردووش دوو بەرپرسی باڵای ئێران و دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، ئێران بەڵێنی داوە کە مووشەکی زەمینی بۆ ڕووسیا دابین بکات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG