ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، یەکە تایبەتەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە ئێستادا لە شاری خێرسۆن لە باشووری ئەو وڵاتەن، دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا، زێلێنسکی ئەو ساتەوەختەی بە مێژوویی وەسف کرد.
لە وتارێکی ڤیدیۆیدا زێلێنسکی گوتی "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، ئێمە لە پرۆسەی وەرگرتنەوەی خێرسۆنداین". ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی دیکەی ئۆکرانیا لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی نزیک لە شارەکە جێگیر کراون، بەڵام یەکە تایبەتەکان لە ئێستاوە لە شارەکەدان."
دانیشتوانی ناوچەکە بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە سەربازانی ئۆکرانیا کرد کە ڕۆژی هەینی گەیشتنە ناوەندی شاری خێرسۆن، دوای ئەوەی ڕووسیا ناوچەکەی جێهێشت کە لە دوای لەشکرکێشیەکەی لە مانگی دووەوە دەستی بەسەردا گرتبوو.
بەشێک لە شارەزایان دەڵێن پاشەکشێی مۆسکۆ لە خێرسۆن ڕەنگە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ئۆکرانیا تا لە پێگەیەکی بەهێزەوە وتووێژ بکات، لە کاتێکدا هەندێکی تر دەڵێن ڕەنگە ڕووسیا وتووێژەکان بۆ کات کوشتن بەکاربهێنێت تا پشوویەک بدات و هێزەکانی ڕێکبخاتەوە بۆ هێرشێکی تر لە وەرزی بەهاردا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز