Accessibility links

پەرلەمانتارێک: ئەوانەی زەوی و ئەرز داگیر دەکەن بەرپرسانی باڵای سیاسین لە هەرێمی کوردستاندا


شنۆ شەهید ئەشقی پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی
شنۆ شەهید ئەشقی پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی

پرسی داگیرکردنی بەشێکی زۆر لە زەوی و زاری سلێمانی، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە هاوڵاتیانی بە گشتی هێنایە دەنگ، دوابەدوای ئەوەش بەرپرسانی یەکەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بەشێک لە بەرپرسانی تری هێنایە قسە، دواتر کار گەشتە دەستگیرکردنی چەند کەسێکی حزبی و حکومی، و سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش دەڵێت لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا دەکەن کە موڵك و زەوی گشتیان داگیرکردووە، پەرلەمانتارێکیش پێی وایە داگیرکردنی زەوی لە سنوری هەولێر و دهۆک بەڕێژەیەکی زۆر زیاترە لە سلێمانی.

شنۆ شەهید ئەشقی پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت چەندین جار حکومەتیان لەسەر پرسی داگیرکردنی زەوی لە سنوری هەولێر و دهۆک ئاگادارکردۆتەوە، وە پێی وایە بە ڕەزامەندی حکومەت زەویەکان داگیر دەکرێن.

" سەبارەت بە پرسی داگیرکاری زەوی و زار تەبعەن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئەو داگیرکاریەی لەم کابینەیەدا کرا لە هیچ کابینەیەکی پێشتردا نەکراوە، بەداخەوە بەس ناوی سلێمانی دیارە، ئەوەی لە هەولێر و دهۆک دەگوزەرێت زۆر زیاترە لەوەی لە سلێمانی دەکرێت، دەتوانم بڵێم لە هەموو هەرێمی کوردستاندا داگیرکردنی زەوی هەیە، من گەشتومەتە ئەو قەناعەتەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خەڵكی سەرقاڵ کردووە بە چاکسازی لە هەندێک بابەت، بەڵام مەیدانی بۆ داگیرکردنی زەویی و زار چۆڵ کردووە، هیچ ئیشی لەسەر ناکا، دەتوانم بڵیم بە گڵۆپی سەوزی حکومەت ئەم کارە دەکرێت، وە ئەوانەی زەوی و ئەرز داگیر دەکەن بەرپرسانی باڵای سیاسین لە هەرێمی کوردستاندا".

شنۆ دەڵێت چەندین دۆسیەی سەبارەت بە داگیرکردنی زەوی لە چەند ناوچەیەکی دهۆک پێشکەشی حکومەت و پەرلەمان کردووە بەڵام ئیشی لەسەر ناکەن.

" پەرلەمان چەندین دۆسییەی گەندەڵی لەبارەی داگیرکردنی زەویەوە وروژاندووە، من خۆم دۆسیەی گەندەڵی و داگیرکاری زەوی و زارم لە قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک داوەتە لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمان و حکومەت و داواکاری گشتیش، لەسەر ناحییەی شیلادزێ، لە قەزای ئاکرێ، کەزۆربەی زەویەکانی تاڵانکراون، هەڕاج کروان، و داگیر کراون یان پرۆژەی نا یاسایی پێوە کراوە، ئەسڵەن لە هەندێ ناوچە وەک ناحیەی گردەسێنی سەر بە قەزای ئاکرێ، زەوی داگیرکراوە و کراوە بە پرۆژەی ڕیسایکلین بەڵام مۆڵەتی حکومەتی هەرێمی نیە، ئێستا بۆ ئەم دۆسیەیە داواکاری گشتی داوای بەڵگە دەکات لەکاتێکا پرۆژەکە لە ناوخەڵکدایە و ئاشکرایە وە خەڵکی بێزار کردووە".

شنۆ ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی ئەرزەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک داگیرکراون و بێ ئاگاداری حکومەت کراونەتە پرۆژە.

" هەموو ئەو پرۆژانەی کە لە پارێزگای دهۆک هەن %80 یان مۆڵەتیان نیە، کاتێک کەسێک ئەرزێکی بەدڵە خۆی دەچێت داگیری دەکات و دەیکاتە پرۆژە بۆخۆی و هیچ لێپرسینەوەیەکیش نیە، من بۆخۆم چەندین دۆسیەی ئاوام داوەتە حکومەت".

سەبارەت بە دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێکی سنوری سلێمانی لەسەر ئەو بابەتە، شنۆ دەڵین ئێمە بە پێدانی دۆسیە و ڕاپۆرت بە بەرپرسانی حزبەکەمان ڕۆڵمان هەبووە وە پێشی وایە ئەمە شانازیە بۆ حزبەکەی و سڵیمانی.

" ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکێتی ڕۆڵمان هەبووە لە بەدواداچوون، لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان، وە پێدانی بەسەرووی خۆمان، لە جێگری سەرۆکی حکومەت، لە حزبەکەمان و لە مەکتەب سیاسی حزبەکەمان، ئەمە شانازیە بۆ سلێمانی و یەکێتی نیشتیمانی کورستان، کە گەشتۆتە ئەو بڕوایەی پێویستە گەندەڵکاران سزا بدرێن، ئەمە جورئەتی دەوێت، بۆ یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان بەرپرس، سزا بدرێت و متمانەی لێ بسەندرێتەوە، لە هیچ شوێنێک متمانە لە مودیر عامێکیش وەرناگیرێتەوە، کە چەندین دۆسیەی تاڵانکردن و خیانەت کردن لە پۆستەکەی هەبووە بەڵام کەس متمانەی لێ وەرناگرێتەوە".

پرسی داگیرکردن و تاڵانکردنی زەوی و زار تەنیا سنوری سلێمانی نەگرتۆتەوە و هەولێر و دهۆکیش بێبەش نەبوون لەم بابەتە، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا پەرلەمانتارێک بە بەڵگەوە ئەوەی خستە ڕوو کە زەویەکی گران بەها لە ناوجەرگەی هەولێر دراوە بە کەسێک کە نرخی هەر مەترێکی کەمتر بووە لە نرخی کیلۆیەک تەماتە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:13 0:00

XS
SM
MD
LG