Accessibility links

لوبنان دەستی بەسەر موڵک و ماڵی دوو پەرلەمانتاردا گرت کە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە تەقینەوە گەورەکەی بەیروت


سه‌رچاوه‌یه‌كی دادوه‌ری لوبنان ڕایگه‌یاند، دادگای لوبنان ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كاتی ئه‌و موڵك و ماڵی ئەو دوو په‌رله‌مانتارەی دا کە‌ تۆمه‌تبارن بە تێوەگلان لە ته‌قینه‌وه‌ كوشنده‌كه‌ی لەنگەرە کەناراوییەکەی به‌یروت له‌ ساڵی 2020دا‌.

بڕیارە بەپێی فەرمانەکە دەست بەسەر موڵک و ماڵی نزیکەی سێ ملیۆن دۆلاردا بگیرێت، کە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت کە خاوەنەکانیان پەرلەمانتاران غازی زەعەیتەر و عەلی حەسەن خەلیلە، کە لە مانگی 12 ی ساڵی 2020 دا تۆمەتبارکرابوون بە تێوەگلان لەو تەقینەوەیەی کە چوار مانگ پێشتر بووەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 220 کەس.

بەو پێیەی لێکۆڵینەوەکان پۆلێنکراون کە بە وردی تۆمەتەکان ئاشکرا نەکراون، بەڵام هەردوو پەرلەمانتارەکە رەتیدەکەنەوە هیچ کارێکی هەڵەیان کردبێت و ئامادەنەبوون لە دانیشتنەکانی لێپرسینەوە، بە ئاماژەدان بەوەی کە پارێزبەندیان هەیە وەک ئەندام پەرلەمان.

لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکانی لوبنان لە کۆتایی ساڵی 2021 دا وەستاوە، بەهۆی کۆمەڵێک داوای یاسای دژی لێکۆڵینەوەکە کە لە دژی دادوەری لێکۆڵینەوە دەرچووبوو.

هه‌ردوو پەرلەمانتارەکە غازی زەعەیتەر و عەلی حەسەن خەلیل له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی 5 ی ساڵی 2022 دا هه‌ردووكیان هه‌ڵبژێردرانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بێ هیوای كه‌سوكاری قوربانییه‌كان لێکەوتەوە‌.

ئەو سەرچاوە دادوەرییە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "ئەم سكاڵایە لە بنەڕەتدا لەلایەن قوربانیانی تەقینەوەكەوە تۆماركراوە، كە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەو دوو پەرلەمانتارە لە پێشكەشكردنی پێشنیازەكاندا بۆ خاوكردنەوەی لێكۆڵینەوەكان، دەسەڵاتی خۆیان بەكارهێناوە".

سەرچاوەکە دەڵێت "ئەو بڕە پارەیە بۆ نوێنەرایەتیکردنی جۆرێکە لە قەرەبووکردنەوە، یەکەمجارە دەبینم سکاڵایەکی لەو شێوەیە لە دادگای لوبنان تۆمار بکرێت".

دەنگۆی بڕیارەکە درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە بوو، بووە هۆی ئەوەی پارێزەرانی ئەو دوو پەرلەمانتارە لە هەژماری تویتەرەکەی خەلیل بەیاننامەیەک بڵاوبکەنەوە و ئەو هەنگاوەیان بە "پێشێلکردن"ی بنەما یاساییەکان ناوبرد.

ئاماژەیان بەوەشکردووە "کاتێک بە فەرمی ئاگادارکراینەوە، لیستی وەڵامەکان دەخەینەڕوو کە وەڵامی تۆمەت و هەڵەکانی لایەنی تۆمەتبار دەدەنەوە و داواکارن دەستبەسەرداگرتنەکە هەڵبگیرێت."

ماریانا فزوڵیان کە لە تەقینەوەکەدا خوشکەکەی لەدەست داوە، لەنێو ئەو 10 بنەماڵەیەدایە کە ئەمساڵ سکاڵایان تۆمارکردووە.

فزوڵیان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "دەزانین ئەمە مانای گەڕانەوەی لێکۆڵینەوەکە نابێت، بەڵام ئەوە هەنگاوی یەکەمە، ئێستا دەزانن کە ئێمە لەبیرمان نەکردووە و ئەوان لە سەرووی یاساوە نین."


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG