Accessibility links

سەرچاوەکانی بێلاڕووس لە تاراوگە: ڕووسیا لە بێلاڕووسەوە دەبێتە هەڕەشەیەکی درێژخایەن بۆ سەر باکوری ئۆکرانیا


سەرچاوەکانی بێلاڕووس لە تاراوگە دەڵێن چالاکییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ڕووسیا لە ناوخۆی بێلاڕووس کە هاوپەیمانێکی سەرەکی مۆسکۆیە، نیشان دەدات کە ڕووسیا هەوڵدەدات هەڕەشەی هێرشی بێلاڕووس بۆ سەر باکووری ئۆکرانیا هەر بمێنێت، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا شکستی هێنا لە هێرشێکی زەمینی بۆ سەر ناوچەکە کە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیای کردە ئامانج.

لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووسان، شرۆڤەکاران و ناڕازییەکانی بێلاڕووس دەڵێن لەشکرکێشییەکی دیکەی ڕووسیا بۆ سەر باکووری ئۆکرانیا لە بێلاڕووسەوە نزیک نییە، بەڵام ئەو ئاسۆیە مشتومڕێکی لە نێوانیاندا دروستکردووە سەبارەت بەوەی ئایا هێزەکانی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بێلاڕووس بەشداری هێرشێکی لەو جۆرەی ڕووسیا دەکەن یان نا.

هێزەکانی ڕووسیا کە بنکەکەیان لە بێلاڕووسە لە سەرەتای لەشکرکێشییە داگیرکاریەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەو ئۆکرانیا لە کۆتایی مانگی 2 دا فشاریان خستە سەر باکووری ئۆکرانیا، ئەمەش لە هەوڵێکدا بوو بۆ گرتنی کیێڤ کە 150 کیلۆمەتر لە سنووری بێلاڕووسەوە دوورە. لوکاشینکۆ هێزەکانی لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە لەشکرکێشییەکە دوورخستەوە، لە هەمان کاتدا بە ئاشکرا پشتگیریی کرد و ڕێگەی بە سوپای ڕووسیا دا خاک و ژێرخانی بێلاڕووس بەکاربهێنێت.

هێزەکانی ئۆکرانیا کە چەکی ڕۆژئاواییان بۆ دابینکرابوو، هێرشی ڕووسیایان لە دەرەوەی کیێڤ ڕاگرت و هێرشی دژە هێرشیان کرد، ئەمەش وایکرد ڕووسیا لە ناوچەکانی باکووری ئۆکرانیا لە دەوروبەری کیێڤ بکشێتەوە و تا سەرەتای مانگی 4 پاشەکشەی کرد بۆ ناو بێلاڕووس.

ڕووسیا تا سەرەتای شەڕی سەرتاسەری خۆی لە دژی ئۆکرانیا دەیان هەزار سەربازی لە بێلاڕووس جێگیر کردبوو. ئێستا بوونی سەربازانی ڕووسیا لە بێلاڕووس بە سەدان کەسە، بەپێی فراناک ڤیاکۆرکا، ڕاوێژکاری باڵای سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوسی تاراوگەنشین سڤیاتلانا تسیخانۆسکایا.

ڤیاکۆرکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لە 21ی مانگی 7 دا لە ریگای پایتەختی لاتڤیا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "تەنها تا هەزار سەربازی ڕووسیا ماون، بەڵام کەرەستەیەکی زۆری سەربازی ڕووسیا لەوێ ماون." گوتیشی "ئەگەر ڕووسەکان بڕیار بدەن بگەڕێنەوە بۆ بێلاڕووس بە ژمارەیەکی زیاتر بۆ ئەوەی لە خاکی بێلاڕووسەوە هێرش بکەنە سەر ئۆکرانیا، ئەوا هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە."

کاتسیارینا شماتسینا، شرۆڤەکاری سەربەخۆی سیاسەتی دەرەوەی بێلاڕووس کە بنکەکەی لە لیتوانیایە و لە چەندین ڕێکخراوی توێژینەوەی ئەمەریکی و ئەوروپیدا کاردەکات، لە ڕێگەی تەلەفۆن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە ڕووسیا دوو ئامانجی سەرەکی دەبێت لە هەر هێرشێکی نوێدا بۆ سەر باکووری ئۆکرانیا لە ڕێگەی بێلاڕووسەوە.

شماتسینا گوتی "ڕووسیا ئارەزووی ڕێگریکردن یان تێکدانی ناردنی یارمەتییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا دەکات لە ڕێگەی باکووری ئۆکرانیاوە، هەروەها کاردەکات بۆ سەرقاڵکردنی سەرنجەکان لەسەر ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا، کە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە دژی هێرشە سەرەکییەکەی ڕووسیا چڕبوونەتەوە.

دەزگایەکی میدیایی بەناوی پڕۆژەی هاجۆنی بێلاڕووس کە لەلایەن ئەنتۆن مۆتۆلکۆی ناڕازی بێلاڕووسی دوورخراوەوە کە بنکەکەی لە لیتوانیایە دامەزراوە، لە تۆڕی تەلەگرام و تویتەر ڕاپۆرتەکانی بڵاودەکاتەوە کە نزیکەی ڕۆژانە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا جموجۆڵە سەربازییەکانی ڕووسیا لە بێلاڕووس دەبینرێت.

ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی هاوڵاتی لە ناوخۆی وڵاتەوە بڵاوکراونەتەوە، کە هەندێکیان وێنەیان لەسەرە، بریتین لە بینینی ڕواڵەتی سەرباز و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ڕووسیا لەسەر ڕێگاکان و فڕۆکە سەربازییەکانی ڕووسیا کە لە فڕۆکەخانەکانی بێلاڕووس دەنیشنەوە و لە فڕۆکەخانەکانەوە هەڵدەفڕن.

هەروەها یەکەکانی موشەکی بالیستیکی کورت مەودای کە ئاسان دەتوانرێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جوڵەیان پێبکرێت بە ناوی ئیسکاندەر-ئێم و یەکە موشەکییە جوڵەپێکەرەکانی ڕووسی ئێس-400 ی ڕووسییان لە فڕۆکەخانەیەک لە ناوچەی گۆمێل لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بێلاڕووس بینیووە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند؛ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕووسیا لە بێلاڕووسەوە مووشەکی ئاڕاستەی ناوچەی چێرنیهیڤی ئۆکرانیا کردووە کە لەو شوێنەوە نزیکە.


XS
SM
MD
LG