Accessibility links

کریستوفر مێیەر باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد


بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند؛ ڕێز و ستایش بۆ گیانی کریستوفر مێیەر باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە ئەمەریکا، کە وەک نێوەندێک بۆ جۆرج بوش و تۆنی بلێر کاری کردووە، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مێیەر لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتە تۆنی بلێر بۆ ماوەی شەش ساڵ وەک نوێنەری بەریتانیا لە واشنتۆن کاری کردووە. پۆستەکەی ئەو لە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزیدا بووە، لەوانە کۆتایی هاتنی بەڕێوەبەرایەتیەکەی کلینتۆن، هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر و خۆئامادەکردن بۆ جەنگی عێراق.

جۆنسۆن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت "خەمبار بووم بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی سێر کریستوفر مێیەر. ئەو بە درێژایی کارکردنی فەرمانبەرێکی گشتی دڵسۆز بوو و ژیانی خۆی بۆ دیپلۆماسی نێودەوڵەتی تەرخان کرد. خاوخەمی خۆم دەنێرم بۆ کاترینی هاوسەری و ئازیزان".

کاترین مێیەر ئەندامی پارتی پارێزگارانە لە ئەنجومەنی باڵای پەرلەمان کە ئەنجومەنی لۆردەکانە و وەک نێردراوی بازرگانی جۆنسۆن لە ئۆکرانیا کاردەکات.

مێیەر بە هەوادارێکی گۆڕەوییە سوورەکان ناسرابوو، بەکارهێنەرێکی چالاک بوو لە تویتەر لە ژێر دەستەی @sirsocks و هەر لەم دواییانەدا ڕۆژی چوارشەممە بۆچوونی لەسەر کێبڕکێی بەردەوامی سەرکردایەتی پارتی پارێزگاران بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی جۆنسۆن خستبووە ڕوو.

هەروەها مێیەر وەک باڵیۆز لە ئەڵمانیا و سکرتێری ڕۆژنامەوانی جۆن مەیجر سەرۆک وەزیران و سەرۆکی دەزگای چاودێری ڕۆژنامەوانی سەربەخۆی بەریتانیا کاری کردووە.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیل بڵاویكردۆتەوە لە كاتی مانەوەی لە ماڵەكەی خۆی لە بەرزاییەكانی ئاڵپ لە فەرەنسا تووشی جەڵتەی مێشك بووە و گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG