Accessibility links

ئەردۆغان لەسەر مافی کەمینە موسڵمانەکانی هەرێمی ترەیس ڕەخنە لە یۆنان دەگرێت


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕەخنەی لە یۆنان گرت و دەڵێت حکومەتی یۆنانی پێشێلی ئەو چارەسەرە یەکلاکەرەوەی کردووە کە بەهۆیەوە نزیکەی یەک سەدەیە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی تورکیا و یۆنانی نەیاری یەکتری بەڕێوەبردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە بۆنەی 99 هەمین ساڵڕۆژی پەیماننامەی لۆزان بڵاوکرایەوە ئەردۆغان ئەسینای بە لاوازکردنی مافەکانی کەمینە موسڵمانەکان لە هەرێمی ترەیس لە یۆنان تۆمەتبارکرد.

جێی ئاماژەیە موسڵمانان لە هەرێمی ترەیسی یۆنانی نزیکەی لە سەدا 32 ی دانیشتوانی پارێزگاکە پێکدەهێنن.

سەرۆکی تورکیا گوتی ئەو مەرجانەی لە پەیماننامەی لۆزاندا تۆمارکرابوون بە تایبەت سەبارەت بە مافی کەمینەی تورکمانەکان پشتگوێ خراون و بە مەبەست بنکۆڵکراون .

ڕۆژی هەینی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داخستنی 4 خوێندنگەی کەمینەی موسڵمانانی لە هەرێمی ترەیس سەرکۆنەکرد و دەڵێت ئەو کارە سیاسەتەکانی جیاوازیکردن و سەرکوتکاری حکومەتی یۆنانی خستە ڕوو .

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ئەو تۆمەتانەی بە بێ بنەما ناوبردوو ڕەتکردەوە و دەڵێت کارکردن لەو خوێندنگایانەدا هەڵپەسێردراوە، لەبەرئەوەی ژمارەی خوێندکاران تیایاندا بە ڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە.

سەرچاوە:AP

XS
SM
MD
LG