Accessibility links

فەرەنسا ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە بۆتەوە پلەی گەرماش لە بەریتانیا دەگاتە بەرزترین ئاست


ئاگرکوژێنەوەکان لە باشووری ڕۆژئاوای فەرەنسا ڕۆژی سێشەممە هەواڵیان دەدا کۆنتڕۆڵی ئاگرێکی گەورەی دارستانەکان بکەن و هاوکات بەریتانیاش بەرزترین پلەی گەرمای لە مێژووی زانراویدا تۆمارکرد لەگەڵ بەرزبوونەوەی شەپۆلی گەرما کە لە باشوورەوە هەڵیکردووە بەرەو ڕۆژئاوای ئەوروپا.

هاوکات باشوور و ڕۆژئاوای ئەڵمانیا و بەلجیکا ئامادەکاری دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کە چاوەڕێ دەکرێت بگاتە ژمارەیەکی پێوانەیی، چونکە شەپۆلی گەرما بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵات ڕۆیشتووە، زانایان ئەم زیادبوونەوە نائاساییەی پلەی گەرمان دەبەستنەوە بە گۆڕانی کەشوهەوا (climate change) ەوە.

زۆربەی زانایان کۆکن کە مرۆڤ بەهۆی پیسکردنی ژینگە و ئەنجامدانی کارگەلێک وەکو سوتاندنی نەوت و گاز کە بۆتە هۆی زیادبوونی گازە زەوی گەرمکەرەکانی وەکو دوانۆکسیدی کاربۆن و میسان، زەویان هێندە گەرم کردووە کە بۆتە هۆی تواناوەی ئاوی جەمسەرەکان، زیادبوونی ئاستی ئاوی دەریاکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمان بە شێوەیەکی نائاسایی لە زۆر شوێنی جیهان.

فەرمانگەی کەشناسی ڕایگەیاندووە ڕۆژی سێشەممە بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا پلەی گەرمی زیاتر لە 40 پلەی سەدی تۆمارکراوە.

بەهۆی بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری پلەی گەرماوە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا "باری نائاسایی نیشتمانی"یان ڕاگەیاندووە. ڕێگاکانی شەمەندەفەر لە لەندەنەوە بەرەو کەنارەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتەکە هەڵوەشێنرانەوە، کۆمپانیاکانی کارەبا ڕایانگەیاند کارەبا لە زۆر شوێن بچڕاوە و ناوەندەکانی شار کە شێوەیەکی ئاسایی قەڕەباڵغن ئەمڕۆ بێدەنگن. تۆڕی شەمەندەفەر لە تویتێکدا وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە دەریدەخات هێڵی ئاسنینەکە چەماوەتەوە بەهۆی گەرماوە.

گرانت شاپس، وەزیری گواستنەوە، ڕایگەیاند چەندین ساڵ دەخایەنێت بۆ ئەوەی ژێرخانی بەریتانیا بە تەواوی بەرزبکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا ڕووبەڕوو ببێتەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی بی بی سی ڕایگەیاند "ڕێژەیەکی بەرچاوی تێکچوونی وادەی گەشتەکان ڕاگەیندراوە، ژێرخانەکان کە زۆربەیان لە سەردەمی ڤیکتۆریدا دروستکراون، بەڵام بۆ بەرگەگرتنی ئەم جۆرە پلەی گەرمایە دروست نەکراون."

لە باشووری ڕۆژئاوای فەرەنسا، ناوچەی جیرۆند کە شەرابی ترێی لێ بەرهەم دەهێنرێت، لەو ڕەز و بێستانانە گەورەترین ئاگر کەوتەوە کە بێ وێنەبووە لە ماوەی زیاتر لە 30 ی ساڵی ڕابردوودا و دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند پیاوێک دەستگیرکراوە بە گومانی بە ئەنقەست گڕتێبەردانی ئەو ناوچەیە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG