فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئۆکراینی کە 11 تەن چەک و تەقەمەنی لە سربیاوە بۆ بەنگلادیش هەڵگرتبوو، درەنگانی شەوی شەممە لە باکووری یۆنان کەوتە خوارەوە. ئەو تەقەمەنیانە لەلایەن وەزارەتی بەرگری بەنگلادیشەوە کڕدرابوون.
پسپۆڕانی پاککردنەوەی تەقەمەنی بانگهێشتی شوێنی ڕووداوەکە کراون. دەسەڵاتداران ناتوانن سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە وەربگرن هەتا ئەو پسپۆڕانە کارەکەی خۆیان تەواو ناکەن. فڕۆکەکە سەر بە هێڵی ئاسمانی مێریدانی ئۆکرانی بووە.
کاربەدەستانی ئۆکرانیا پشتڕاستیان کردەوە کە هەر هەشت ئەندامی تیمی ئۆکراینی لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە لە نزیک شاری کاڤالا گیانیان لە دەست داوە.
دانیشتوانی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە، دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێر گوێیان لە تەقینەوە بووە. ههروهها ڕایانگهیاندووه كه فڕۆكهكهیان بینیووه پێش ئهوهی بكهوێته خوارهوه وەکو تۆپێکی ئاگر لە ئاسمان بووە.
ئایمیلیا تساپتانۆڤا، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت "پێم سەیرە چۆن نەکەوتە سەر ماڵەکانمان. پڕ بوو لە دوکەڵ، دەنگێکی هەبوو کە ناتوانم وەسفی بکەم و بەسەر شاخەکەدا ڕۆیشت. بە شاخەکەدا تێپەڕی و وەرگەڕا و کەوتە ناو کێڵگەکانەوە."
فڕۆکەوانەکە داوای مۆڵەتی لە دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی یۆنان کردبوو تا ڕێگەی بدات بنیشێتەوە چونکە لە بارودۆخی نائاساییدان، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە داواکارییەکە، یۆنان پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەکە بچڕا.
ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە شوێنی مەبەستی فڕۆکەکە ئوردنە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن فڕۆکەکە تەنیا بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاژنە عەلیای ئوردن ڕۆیشتووە.