Accessibility links

ڕۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی دەڵێت لە کوردستانی عێراقەوە دیپۆرتکراوەتەوە


ڕۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی دەڵێت ڕۆژی چوارشەممە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دیپۆرت کراوەتەوە و پێیوایە هۆکارەکەی رووماڵکردنی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە کە چەند ساڵێک دەیکات و تورکیا بە کارەکانی خۆشحاڵ نییە.

فرێدریک گێردینک رووماڵی پرسی کورد و پرسە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا بۆ میدیاکانی هۆڵەندا دەکات. لە تویتەرەکەی وەکو کەسێک وەسفکراوە کە زانیاری ناوخۆیی لەسەر پەکەکە هەیە.

پەکەکە لە لیستی تیرۆری تورکیا، ئەمەریکا و زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوادایە.
گیردینک رۆژی چوارشەممە لە تویتێکدا نووسی کە لە ڕێگادا بووە بۆ شاری کۆبانێ کە شارۆچکەیەکی زۆرینەی کوردە لە سوریا لە نزیک سنووری تورکیا، لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە رێگری لێکراوە.

گیردینک گوتی، "لە هەرێمی کوردستان دیپۆرت دەکرێمەوە، نزیک بووم لە سنوور بپەڕمەوە بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کاتێک لەپڕ... لەگەڵ پۆلیسدا خراومە ناو ئۆتۆمبیلێک و هێنرانم بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر، کە ئێستا لەوێم".
رۆژنامەنووسە هۆڵەندییەکە گوتی "باڵی ئەردۆغان درێژە." ئاماژەی بە سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد.

ئەو رۆژنامەنووسە لە مانگی یەکی ساڵی 2015 لەلایەن تورکیاوە بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی تیرۆریستی" بۆ چەکدارانی پەکەکە دەستگیرکرا.

لە مانگی نۆی هەمان ساڵدا جارێکی دیکە گیردینک لەکاتی ڕووماڵکردنی پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دەستگیرکرایەوە. بەرپرسێک دەڵێت چووەتە ناوچەیەکی قەدەغەکراو و دواتر دیپۆرتکراوەتەوە.

دەرکردنی ئەو لە تورکیا لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی هۆڵەندا و فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپاوە سەرکۆنەکرا. ئەو رێکخراوانەی مافی رۆژنامەنووسان ئەو کارەی حکومەتی تورکیایان بە "زۆر مەترسیدار و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوبرد.

گیردینک ڕۆژی چوارشەممە لەسەر دەرکردنی بەرپرسانی کوردستانی عێراقی کردە ئامانجی رەخنەکانی.

لە تویتێکدا نوسیویەتی، "بەتەواوی جێگەی داخە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە عێراق هێندە لە ژنێکی قەڵەم بەدەست دەترسن." ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیی "زۆرتر لە جاران زیندانی دەکرێن".
بەگوێرەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، کە لە زاری ئاژانسی هەواڵی هۆڵەندی ANP ەوە بڵاوکراوەتەوە، کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر لە"پەیوەندی نزیک"دایە لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە.



گوتەبێژەکە گوتی،"پێمان وایە ڕۆژنامەنوسان پێویستە لە هەر شوێنێکی جیهان بتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن، هەر بۆیەش جەختمان لە گرنگی ئازادی ڕۆژنامەگەری کردووەتەوە."

بەپێی ئاژانسە هۆڵەندییەکە، لەسەر ئەم پرسە باڵیۆزی هۆڵەندا لە بەغداش پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی عێراقەوە کردووە.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG