Accessibility links

دوای کۆنتڕۆڵکردنی دوورگەی مار لەلایەن ئۆکرانیاوە ڕووسیا بۆمبارانی دەکات


ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە ئاڵا شین و زەردەکەی لە دوورگەی مار( (Snake Island لە دەریای ڕەش بەرزکردەوە، بەڵام مۆسکۆ بە خێرایی وەڵامی دایەوە بە هێرشێک و بەشێک لە بنکەیەکی لەشکری ئۆکرانیای لەوێ وێران کرد.

پرسی کۆنترۆڵی ئەو دوورگەیە، كە نزیكەی 140 كیلۆمەتر لە باشووری بەندەری ئۆدێسای ئۆكرانیاوە دوورە، لە دەستپێکی شەڕی ئۆکرانیاوە چوار مانگ پێش ئێستا مشتومڕی لەسەرە.

لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگەکەدا، ڕووسیا ئەو دوورگەیەی تۆپباران کرد دوای ئەوەی تیمەکانی کەشتی جەنگی مۆسکڤا داوای لە سەربازانی ئۆکرانیا کرد خۆیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەوان بە گاڵتەجارییەوە وەڵامیان دانەوە و خۆیان ڕادەست نەکرد. ئۆکرانیا پولێکی پۆستەناردنی بەناوی ئەوانەوە دەرکرد بۆ رێزگرتن لە خەباتی ئەوانەی خۆیان ئامادەنەبوون خۆیاین بە دەستەوە بدەن و گیانی خۆیان بەختکرد.

ڕووسیا لە زۆربەی کاتی جەنگەکەدا کۆنترۆڵی ئەو دوورگەیەی کردبوو، تا ئەو کاتەی ئۆکرانیا لە هەفتەی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گرت، هەرچەندە ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات وەک ئاماژەیەکی نیازپاکانە کشاوەتەوە.

ئاندری یەرماک، سەرۆکی ئەرکانی لەشکری سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند ئەوە ئەو ساتەوەختەیە کە لە چەند مانگی داهاتوودا لە سەرانسەری ئۆکرانیادا دووبارە دەبێتەوە.
لە تۆڕی تەلەگرام نووسیویەتی "ئاڵای ئۆکرانیا لەسەر دوورگەی سنەیەکە، چەندین ڤیدیۆی دیکەی لەو جۆرە بەڕێوەن لە شارەکانی ئۆکرانیاوە کە لە ئێستادا لە ژێر داگیرکاریەکی کاتیدان."

بەڵام سێرهی براتچوک وتەبێژی ئیدارەی ناوچەی ئۆدێسا گوتی هێرشە موشەکییەکەی ڕووسیا بۆ سەر دانیشتوانی نوێی دوورگەکە زیانێکی بەرچاوی بە لەنگەری کەناراوەکە گەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، پوتن وڵاتانی رۆژئاوایی تۆمەتبار کرد کە پاڵپشتی ئۆکرانیا دەکەن بە درێژکردنەوەی شەڕەکە بە درێژەدان بە ناردنی چەک بۆ کیێڤ.

پوتن لە قسەکانیدا لەگەڵ ڕیبەرانی پەرلەمانی ڕووسیا گوتی "دەبێت هەمووان بزانن کە بە شێوەیەکی بەرچاو، ئێمە تەنانەت هێشتا دەستمان بە هیچ شتێک نەکردووە بە ڕژدی لە هێرشەکانمان بۆ سەر ئۆکرانیا."

ڕاشیگەیاند کە ڕووسیا هێشتا ئامادەیە بۆ دانوستان و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و دەشڵێت "ئەوانەی ڕەتیدەکەنەوە پێویستە ئەوە بزانن کە تا ئەم شەڕە درێژە بخایەنێت، ئەوا زەحمەتتر دەبێت بۆ ئەوان تا لەگەڵ ئێمەدا ڕێکبکەون."

پوتین گوتی "گوێمان لەوە بووە کە دەیانەوێت لە بەرەکانی جەنگدا شکستمان پێبهێنن. با هەوڵ بدەن."

سەرۆکی ڕووسیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە سزا ئابورییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر مۆسکۆ شکستیان هێناوە لە گەیشتن بە ئامانجەکەیان کە "چاندنی دووبەرەکی و ململانێ بوو لە کۆمەڵگاکەماندا و تێکشکانی گەلەکەمان."

زێلێنسکی ستایشی چەکی ڕۆژئاوا دەکات؛ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتاری شەوی چوارشەممەدا ڕایگەیاند ئەو تۆپخانانەی کە هێزەکانی لە هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا وەریانگرتووە "بە بەهێزی دەستی بە کارکردن کردووە"، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دواخستنی سوپای ڕووسیا.

زێلێنسکی دەڵێت: "وردی پێکانی تۆپخانەکە ڕێک ئەوەیە کە پێویستە". "ئەوانەی بەرگریمان لێدەکەن زیاتر ڕەچاوی ئەوە دەکەن کە کۆگاکان و شوێنەکانی دیکە کە گرنگن بۆ دابینکردنی پێداویستی لەشکری داگیرکەران بە ئامانج بگرن، ئەمەش توانای هێرشبەری سوپای ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە. "

هەروەها بەڵێنیدا کۆنترۆڵی هەموو خاکی ئۆکرانیا بکاتەوە، لە کاتێکدا ڕووسیا فشارەکانی زیاتر کردووە بۆ گرتنی ناوچەی دۆنباس لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

XS
SM
MD
LG