Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی دیمەشق دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان ڕۆژی شه‌ممه سەردانی دیمه‌شقی پایتەختی سوریای کرد، کە به‌ گوته‌ی خۆی مەبەست لە سەدانەکەی لە پێناو هێورکردنەوەی گرژییه‌کانە، دوای ئه‌وه‌ی تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئەوەی کرد هێرشێکی نوێ بۆ سه‌ر ناوچە کورد نیشینەکان له باکوری سوریا ده‌ست پێدەکات.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای سەر بە دەوڵەتی ئێران سەردانەکەی حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان "ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایشە لە ناوچەکە لە نێوان سوریا و تورکیادا."

ئێران هاوپەیمانێکی سەرەکی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریایە و هاوبەشێکی گرنگی بازرگانیشە بۆ تورکیا.

تورکیا لە ساڵی 2016ـەوە زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر سوریا دەستپێکردووە، هەروەها هێزە کوردییەکان، جیهادییەکانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی و هێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا دەکاتە ئامانج.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕایگەیاند دەیەوێت بە دروستکردنی خانووبەرە و ژێرخانی ناوخۆیی لە زێدی خۆیان هانی یەک ملیۆن پەنابەری سوری بدەن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەردۆغان ڕایگەیاند، پلانی هەیە هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوچە کورد نشینەکانی سوریا دەستپێبکات کە یاخیبوونێک لە دژی وڵاتەکەی ئەنجام دەدەن.

لەوانە یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد (یەپەگە) كە لەلایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێن، كە بەشێكی چارەنووس سازیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پێكهێناوە.

سەردانەکەی ئەمیر عەبدوڵاهیان بۆ سوریا دوای پێنج ڕۆژ لە سەردانەکەی دێت بۆ تورکیا.
ڕۆژی شەممە ئیرنا لە زاری ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بڵاویکردەوە "دوای سەردانەکەم بۆ تورکیا، پێویستە ڕاوێژ لەگەڵ کاربەدەستانی سوریا بکرێت."

This item is part of
XS
SM
MD
LG