Accessibility links

زێلێنسکی: ئازایەتی ئۆکرانییەکان دەرفەتێکی داوە بە ئەوروپا کە مێژوویەکی نوێی ئازادی بخوڵقێنێت


لەگەڵ تاوسەندنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کیێڤ ڕۆژی هەینی گەشەسەندنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی کاتێک یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری کرد ببێتە کاندیدێک بۆ ئەندامی یەکێتییەکە، ئەمەش پەلکێشی گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلەتیکی دراماتیک دەبێت لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیاوە.

لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی هەفتەی داهاتوودا، بڕیارە سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لە ڕاسپاردەی کارگێڕی یەکێتی ئەوروپا بکەن بۆ ئۆکرانیا و مۆڵدۆڤای دراوسێی.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند "ئازایەتی ئۆکرانییەکان دەرفەتێکی داوە بە ئەوروپا کە مێژوویەکی نوێی ئازادی بخوڵقێنێت، دواجار ناوچەی خۆڵەمێشی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و ڕووسیادا لاببات."

لەگەڵ پێشکەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ برۆکسل، شەڕێکی سەخت لە ناوچەی خۆرهەڵاتی دۆنباس بەردەوامە، ڕووسیا هەوڵی چەسپاندن و درێژکردنەوەی دەستکەوتەکانی ئەم دواییانە دەدات، لە کاتێکدا بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە کیێڤی پایتەخت.

زێلێنسکی لە وتارێکیدا کە شەوی ڕابردوو لە تەلەفزیۆن بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند "جارێ بڕیارەکەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەرنەچووە، بەڵام تەنها دەتوانیت خەیاڵی ئەوە بکەن کە بەهێزی ڕاستەقینەی ئەوروپا و سەربەخۆیی ئەوروپا و گەشەسەندنی ئەوروپا لەگەڵ ئۆکرانیادایە."

ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە ڕەنگە تایبەتەکانی ئۆکرانییەکانی پۆشیبوو کە چاکەتێکی زەرد لەسەر بلوزێکی شینی لەبەرکردوبوو؛ بڕیارەکەی ڕاگەیاند.
گوتی " ئۆکراینییەکان ئامادەن لە پێناو ڕوانگەی ئەوروپادا گیان بەخت بکەن. ئێمە دەمانەوێت ئەوان لەگەڵ ئێمەدا بژین لەگەڵ خەونی ئەوروپیدا."

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین لە وتارێکی پڕ لە سکاڵادا لە سانت پترسبۆرگ، ڕەخنەی لە ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمەریکا گرت، بەڵام هەوڵیدا پرسی یەکێتی ئەوروپا بە هەند وەرنەگرێت و لە بایەخی کەمبکاتەوە.

گوتیشی "ئێمە هیچ شتێکمان نیە دژی ئەمە بێت و ئەوە بلۆکێکی سەربازی نییە، مافی هەر وڵاتێکە پەیوەندی بە یەکێتی ئابوورییەوە بکات."

بەڵام دیمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کریملن گوتی "ڕووسیا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەوڵەکانی ئۆکرانیا دەکات لە یەکێتی ئەوروپا، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی زیادبوونی هاوکاری بەرگری لە نێوان ئەو بلۆکە 27 ئەندامەدا."

پاش چوار ڕۆژ دوابەدوای ئەوەی سەربازانی ڕووسیا بە لێشاو لە کۆتایی مانگی 2 ی ئەمساڵدا هێرشیان کردە سەر ئەو وڵاتە، ئۆکرانیا داوای کرد ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا مۆڵدۆڤا و جۆرجیاش پەیوەندییان کرد بە یەکێتییەکەوە، هاوکات دەوڵەتە بچووکەکانی پێشووی سۆڤیەت، هەروەها لەگەڵ ناوچە دابڕێنراوەکان کە ڕووسیا پشتگیری دەکردن لە ململانێیان دان.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG