Accessibility links

ڕۆژنامەنوسێکی بەنێوبانگی ڕووسیا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیەکەی بۆ ئاوارەکانی ئۆکرانیا دەفرۆشێت


دیمتری موراتۆڤ ڕۆژنامەنووسی ڕووسی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، مەدالیای نۆبڵەکەی بۆ پەنابەرانی ئۆکرانی دەفرۆشێت، کە نەهێشتنی میدیای سەربەخۆ لە وڵاتەکەیدا بێزاری کردووە، ئەو دەڵێت خەڵکێکی کەم پشتگیری لە هەڵمەتی سەربازی مۆسکۆ دەکەن.

موراتۆڤ هاودامەزرێنەری ڕۆژنامەی نۆڤایا گازیتایە و ماوەیەکی زۆریشە سەرنوسەری ڕۆژنامەکەیە، نۆڤایا گازیتا ڕۆژنامەیەکی ڕەخنەگرە لە کریملن کە خۆی لە ساڵی 1993 دا بە پارەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی میخائیل گۆرباچۆڤ سەرۆکی پێشووی سۆڤیەت دامەزراوە.

بۆ ساڵانێک بەرەنگاری توندکردنەوەی سنووردارکردنی میدیای ناڕازی دەکرد، بەڵام لە مانگی 3 دا دواجار چالاکییەکانی ئۆنلاین و چاپی ڕۆژنامەکەی ڕاگرت، دوای ئەوەی بوو بە تاوان و سزای 15 ساڵ زیندانی دەدرا ئەگەر هەر شتێک یان ڕاپۆرتێک بڵاوبکەنەوە لەسەر ئەو جەنگەی ئۆکرانیا کە لادان بێت لە هێڵی گشتی حکومەت.

موراتۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "وڵاتەکەم وڵاتێکی دیکەی داگیرکردووە و ئەویش ئۆکرانیایە. ئێستا 15 ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر هەن. ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر بیرمان لەوە کردەوە کە دەتوانین چی بکەین بۆ ئەو دۆخە، پێمانوابوو کە پێویستە هەموو کەسێک شتێکی خۆشەویستی خۆی بدات بەوان، گرنگە بۆ ئەوان."

گوتی زیادکردنی مەدالیای زێڕی ئەو بەو مانایە دەبێت کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوبەشی چارەنووسی ئەو پەنابەرانە بووە کە یادگارییەکانیان و "ڕابردوویان" لەدەستداوە.

ئەو گوتیشی "ئێستا دەیانەوێت داهاتوویان لێ زەوتبکەن، بەڵام دەبێت دڵنیا بین لەوەی داهاتوویان پارێزراو دەبێت. گرنگترین شت کە دەمانەوێت بیڵێین و نیشانی بدەین ئەوەیە کە هاودەنگی مرۆیی پێویستە."

مەدالیاکەی موراتۆڤ لە 20ی مانگی 6 دا لە ڕۆژی جیهانی پەنابەران لەلایەن کۆمپانیای Heritage Auctions بە پاڵپشتی لیژنەی خەڵاتەکان دەفرۆشرێت.

ئەو خەڵاتەی بە موراتۆڤ و ماریا ڕێسای ڕۆژنامەنووسە فلیپینەکە درا بەهۆی پشتیوانیکردنیانەوە بووە لە مافی ئازادی ڕادەربڕین کە لە سەرانسەری جیهاندا لە مەترسیدایە.

موراتۆڤ خەڵاتەکەی تەرخان کرد بۆ شەش ڕۆژنامەنووسی نۆڤایا گازیتا کە بەهۆی کارەکانیانەوە کوژران، ڕەخنەگرێکی سەرسەخت بوون کە لەنێویاندا ڕەخنەیان لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا گرتووە.

سەرکوتکردنی میدیا

ناوبراو هاوخەمی خۆی بۆ نەبوونی میدیای ئازاد و تاوسەندنی سەرکوتکردنی دەوڵەت بۆ سەر ناڕەزایەتیەکان دەربڕی.

گوتیشی "نەبوونی ئازادی ڕاستەقینەی قسەکردن، لە ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینەی بیروڕادا، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، ڕاستییەکان بەرەو ئەوە دەبات کە خەڵک هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەستدا نامێنێت و تەنیا دەبێت باوەڕ بەو شتانە بکەن کە پڕوپاگەندەکارانی دەوڵەت پێیان دەڵێن".

گوتیشی "هیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندنی ئازاد نییە. لە ڕاستیدا گردبوونەوە قەدەغەیە لە هەموو ناوچەکاندا. بۆ هەر لێدوانێك دۆسیەی كارگێڕی یان تاوانكاری دەستپێدەكات".

هەروەها دەشڵێت "تەنانەت کرێملن دان بەوەدا دەنێت کە لە 25-30%ی دانیشتوان پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنە لەشکریەکە ناکەن."

XS
SM
MD
LG