Accessibility links

وێنەیەکی سەتەلایت نیشانی دەدات کەشتیەک بە ئاڵای ڕووسیاوە "دانەوێڵەی ئۆکرانیا" بۆ سوریا دەگوازێتەوە


کۆمپانیای مانگی دەستکردی ئەمەریکی، ماکسار، کە لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە وێنەی سەر زەوی دەگرێت، دەڵێت وێنەی چەند کەشتییەکیان گرتووە کە ئاڵای ڕووسیایان هەڵکردووە، بەرهەمی وەرزی ڕابردووی دانەوێڵەی ئۆکرانیایان بۆ سوریا گواستۆتەوە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەکردووە کە وێنەکانی ماکسار دەریدەخەن دوو کەشتی بارهەڵگری گەورە بە ئاڵای ڕووسیاوە لە مانگی 5 دا لە بەندەری سیڤاستۆپۆلی لە دورگەی کریمیاوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە، جێگیرکراون و دانەوێڵەیان لەسەرە.

ماکسار گوتیشی دوای چەند ڕۆژێک لەسەریەک مانگە دەستکردەکانی ماکسار وێنەی هەمان ئەو کەشتیانەیان کۆکردۆتەوە کە لە سوریا لەنگەریان گرتووە، کە دەرگاکانیان کراوەن و نیمچە بارهەڵگرەکان ڕیزیان گرتووە و ئامادەن بۆ گەیاندنی دانەوێڵەکە. سوریا و ڕووسیا هاوپەیمانی نزیکی یەکدین.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە وێنەیەکی دیکەی مانگی 6 دەریدەخات کەشتییەکی جیاوازی دیکەش لە سیڤاستۆپۆل بارکراوە بە دانەوێڵە.

ئۆکرانیا ڕووسیای بە دزینی دانەوێڵە لەو خاکانە تۆمەتبار کردووە کە هێزەکانی ڕووسیا لە دوای دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکەی لە کۆتایی مانگی 2 ەوە داگیریان کردووە. ئەم جەنگە بۆتە هەڕەشەیەکی توند بۆ کەمی خۆراک لە جیهاندا، چونکە ڕووسیا و ئۆکرانیا نزیکەی 29%ی هەناردەی گەنمی جیهان پێکدەهێنن .

ئۆکرانیا یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکاری دانەوێڵە لە جیهاندا، وڵاتانی ڕۆژئاواش ڕووسیایان بە داخستنی بەندەرەکانی دەریای ڕەشی ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکەن و کە مەترسی برسێتی جیهانی لێدەکەوێتەوە.

ڕۆژی 8 ی مانگی 6 جێگری سەرۆکی یەکێتی بەرهەمهێنەرانی کشتوکاڵی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ڕووسیا نزیکەی 600 هەزار تۆن دانەوێڵەی لە خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیاوە تاڵانکردووە و بەشێکی هەناردەی دەرەوە کردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG