Accessibility links

بەریتانیا یەکەم گەشتی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا هەڵدەوەشێنێتەوە


بەریتانیا یەکەم گەشتی ڕەوانەکردنی پەنابەرانی بۆ ڕواندا هەڵوەشاندەوە، دوای دەستێوەردانێکی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کە لە کۆتا خولەکدا بڕیاریدا "مەترسییەکی ڕاستەقینە" بۆ سەر گیانی بۆ ئەو پەنابەرانە هەیە.

بڕیار بوو ئێوارەی سێشەممە گەشتەکە بەڕێبکەوێت، بەڵام پارێزەرانی ئەو پەناخوازانە دەستیان بە تانەدان لە کەیس بە کەیس کرد و داوای ڕێگریکردن لە دیپۆرتکردنەوەی هەموو ئەو کەسانەیان کرد کە لە لیستی حکومەتدا بوون.

لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، پێشتر ڕایگەیاندبوو گرنگ نییە چەند کەس لەناو فڕۆکەکەدا دەبێت، فڕۆکەکە هەڵدەستێت. بەڵام دوای سکاڵاکان هیچ کەس لە فڕۆکەکەدا نەمایەوە تا بۆ رواندای بنێرن.

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتی سێشەممە سێ ڕۆژ هەوڵی یاسایی بەردەوام کۆتایی پێدەهێنێت. داکۆکیکارانی مافی کۆچبەران و سەندیکاکانی کرێکاران پێکەوە دژی دیپۆرتکردنەوەکان هەوڵیاندا. سەرکردەکانی کڵێسای بەریتانیا لەبەری دژەکاندا بوون وئەو سیاسەتەی حکومەتیان بە کارێکی "نائەخلاقی" ناوبرد.


پێشتر، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بە توندی بەرگری لە پلانەکە دەکرد. جۆنسۆن گوتی، "بەردەوام دەبین و کارەکە دەکەین." گوتی ئەو هەنگاوە ڕێگەیەکی ڕەوایە بۆ پاراستنی ژیان و پووچەڵکردنەوەی ئەو باندە تاوانبارانەی کە بە بەلەمی بچووک کۆچبەران بە قاچاخ دەبەنە سەر کەناڵی ئینگلیز تا بۆ بەریتانیایان بنێرن.

سەرۆک وەزیران لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ڕواندا ڕاگەیاند کە تێیدا ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەچنە ناو بەریتانیا بۆ ئەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەنێردرێن. لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەوان، ڕواندا ملیۆنان پاوەند (دۆلار) وەک یارمەتی گەشەپێدان وەردەگرێت. ئەو پەنابەرانە ڕێگەیان پێدەدرا لە ڕواندا داوای پەنابەری بکەن نەک بەریتانیا.

نەیاران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناردنی خەڵک بە هەزاران میل بۆ وڵاتێک کە نایانەوێت تێیدا بژین نایاسایی و نامرۆڤانەیە. بەریتانیا لەم ساڵانەی دواییدا لێشاوی نایاسایی کۆچبەری لە شوێنەکانی وەک سوریا، ئەفغانستان، ئێران، سودان، عێراق و یەمەن بەخۆیەوە بینیوە.

چالاکوانان ئەم سیاسەتەیان بە هێرش بۆ سەر مافی پەنابەران ناوبردووە کە زۆربەی وڵاتان لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە دانیان پێداناوە.

سیاسەتمەدارانی دانیمارک و نەمسا بیر لە پێشنیاری هاوشێوە دەکەنەوە. ئوسترالیا لە ساڵی 2012ەوە ناوەندێکی جێبەجێکردنی کەیسی پەنابەرانی لە وڵاتی نائوری، کە لەسەر دورگەیەکی زەریای هێمنە، داناوە.

XS
SM
MD
LG