Accessibility links

ئێران کامێرا نێودەوڵەتییەکانی چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی لادەدات 


رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئێران رۆژی پێنجشەممە گورزێکی تاڕادەیەک کوشندەیی لە چانسی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 داوە، دوای ئەو کامێرا و ئامێرانەی چاودێریکردن، کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەپێی رێککەوتنەکە لە وێستگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران داینابوون، لادان.

ئێران هۆشداری دابوو لە تۆڵەسەندنەوە ئەگەربێتوو دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە لە 35 وڵات پێکهاتووە بڕیارنامەیەکی ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیاوە پەسەند بکەن کە ڕەخنەی لە تاران گرتبوو بەهۆی نەدانی ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو پاشماوە یۆرانیۆمانەی لە شوێنە ڕانەگەیەندراوەکاندا دۆزراونەتەوە. بڕیارنامەکە پێنجشەممە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.

گرۆسی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ئێران شەوێک ئاژانسەکەی ئاگادارکردەوە کە پلانی هەیە تا ڕۆژی پێنجشەممە 27 کامێرا و "نزیکەی هەموو" ئامێرەکانی دیکە لاببات، کە بەپێی ڕێککەوتنی 2015 بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ئێران دانرابوون.

سەبارەت بەوەی چی ڕوودەدات ئەگەر بێتوو ئێران لەم کارە پەشیمان نەبێتەوە، گرۆسی گوتی، "پێموایە ئەمە گورزێکی کوشندە دەبێت (بۆ زیندووکردنەوەی گرێبەستەکە)."

دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ساڵی 2015 لە ئێستاوە وەستاون و لە مانگی ئادارەوە تا ئێستا ئەنجام نەدراون.

لەدوای ئەوەی دانۆڵد ترامپ سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریکا، واشنتۆنی لە رێككەوتنەكە دەرهێنا و لە ساڵی 2018دا سزاكانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، ئێران سنووری رێككەوتنەكەی بۆ چالاكییە ئەتۆمییەكانی پێشێلكردووە، یۆرانیۆمی پیتاندووە تا نزیک بێتەوە لەوەی بتوانێت چەکێکی ئەتۆم دروست بکات.

لە کاتێکدا زلهێزەکانی ڕۆژئاوا هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئێران نزیک بۆتەوە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، ئێران ڕەتیدەکاتەوە کە نیازێکی لەو شێوەیەی هەبێت.

XS
SM
MD
LG