Accessibility links

مالی: شەش هاووڵاتی و دوو سەربازی سەر بە هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان لە تەقینەوەیەکدا دەکوژرێن


بە گوێرەی سەرچاوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لە ئەنجامی تەقینەوەی دوو بۆمبی دەستکردی چێنراو لە ناوەڕاستی مالی، شەش هاوڵاتی مەدەنی و دوو سەربازی یەکەی سەربازی میسری سەر بە هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو وڵاتە کوژراون.

بەرپرسێکی سەربازی و دوو بەرپرسی خۆجێیی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بە هۆکاری ئاسایشەوە لەبەر بوونی هێزی جیهادی لە ناوچەکە گوتیان " ڕۆژی پێنجشەممە لە نزیک وایا لە کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبیلێک بە ناو بازاڕ بۆمبێک تەقیوەتەوە."

هەر هه‌مان سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد‌ پێنج هاووڵاتی مه‌ده‌نی كوژراون و شه‌شه‌میان ڕۆژی هه‌ینی به‌هۆی سەختی برینه‌كەی لە هه‌مان ته‌قینه‌وه‌دا گیانی له‌ده‌ستداوه.

ئۆلیڤیێر سالگادۆ، وتەبێژی نوێنەرایەتییەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ڕایگەیاندووە ڕۆژی هەینی دوو لە سەربازانی هێزی ئاشتی پارێزی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە مالی کوژراون و سێهەمیان برینداربووە بەهۆی تەقینەوەی مینیکی چێنراوی دەستکرد لە نزیک دوینتزا لە ناوەڕاستی وڵاتدا لە سەر ڕێگا بەرەو تمنکتۆ لە باکور.

بەرپرسێکی ئاسایش ڕایگەیاند، ئەو دوو سەربازە بەشێک بوون لە یەکەی سەربازی میسر کە لە چوارچێوەی "نێردەی سەقامگیری یەکگرتووی فرە ڕەهەندی نەتەوەیەکگرتووەکان لە مالی کاریان دەکرد."

لە بڵاوکراوەیەکدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەی کرد. وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنەکە داوایان لە دەسەڵاتدارانی مالی کردووە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم کارە بکەن، بەو پێیەی "ڕەنگە لە ژێر دادپەروەری نێودەوڵەتیدا تاوانێکی جەنگ بێت."

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG