ڕۆژی دووشەممە لە ئەمەریکا ڕۆژی یادەوەرییە. لەم ڕۆژەدا ڕێز لەو سەربازانە دەگیرێت کە لە شەڕدا گیانیان بەختکردووە.
سەرۆک جۆو بایدن لەم ڕۆژەدا سەردانی گۆڕستانی نیشیمانی ئارلینگتن دەکات و لەوێ گوتارێک پێشکەش دەکات. بۆ یەکەمجاریش پاش دوو ساڵی پەتای کۆرۆنا نمایشی تایبەت بە ڕۆژی یادەوەری لە واشنتن ئەنجام دەدرێتەوە.
سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە، سەرۆک بایدن لەگەڵ خێزانەکەیدا جیڵ بایدن سەردانی گۆڕی کوڕەکەی، بۆو بایدن-یان کرد کە سەربازێکی ئەمەریکا بوو و حەوت ساڵ پێش ئێستا بە شێرپەنجە گیانی لەدەستدا.
ئاپۆڕای ماتۆرسایکلەکان بەشێکی سەرەکییە لە نەریتی ڕۆژی یادەوەری لە واشنتن. ڕۆژی یەکشەممە ماتۆرسایکل سوارەکان بە ناو واشنتندا گەشتێکیان ئەنجامدا و تیایدا تیشکیان خستە سەر ئەو کێشانەی سەربازە دێرینەکانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
مەڕاسیمی ساڵانەی rolling to remember هیوادارە بتوانێت تیشک بخاتە سەر ڕێگریکردن لە خۆکوشتنی سەربازە دێرینەکان و زیادکردنی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بە دیل گیراوان و ئەوانەی لە کاتی شەڕدا بێسەروشوێن بوون.
لەم ڕۆژەدا، ئەمەریکاییەکان سەردانی یادگارگەکانی شەڕ و گۆڕستانەکان دەکەن و تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی کۆچکردووانیان دادەنێن.