Accessibility links

سەرکردەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا داوا لە پوتن دەکەن گفتوگۆی "ڕاستەقینە" لەگەڵ زێلێنسکی ئەنجام بدات


ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شوڵتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا داوایان لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن کرد کە بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەنجام بدات.

بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەو داواکارییە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی سێ قۆڵیدا نێوان ئەو سێ سەرکردەیە کراوە.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ماکرۆن و شوڵتز "پێداگربوون لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ و کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا" و داوایان لە پوتن کردووە ئەو دوو هەزار و پێنج سەد سەربازە ئۆکرانییەی کە لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی کارگەی پۆڵای ئازۆفێستاڵدا دەستبەسەر بوون، ئازاد بکات.

لەلایەکی دیکەوە پوتن بە ماکرۆن و شوڵتزی راگەیاندووە دابینکردنی چەکی سەربازی بۆ ئۆکرانیا مەترسی "ناسەقامگیری زیاتر" دروست دەکات، و هەروەها جەختی لە ئامادەیی مۆسکۆ کردوەتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ کیێڤ، بەڵام دیاری نەکردووە کە ئایا خۆی ئامادەیە راستەوخۆ لەگەڵ زێلێنسکی دانوستان بکات یان نا.

لە سەرەتای لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، نوێنەرانی ئەو دوو وڵاتە چەند خولێکی گفتوگۆی راستەوخۆیان ئەنجامداوە، بەڵام دانوستانەکان لە چەند هەفتەی رابردوودا وەستاون.

کاربەدەستانی ئۆکرانیا دەڵێن شەڕێکی توند لە نێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە شاری سیڤیردۆنتسک لە ئارادایە، و بە گوتەی ئەوان ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی ڕووسیا هێرشیان کردووەتە سەر ئەو شارە و لە ئەنجامدا کارەبا و خزمەتگوزاریی مۆبایلی دانیشتوانی شارەکە پچڕاوە.

شاری سیڤیردۆنتسک بووەتە جێگەی سەرنجی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ داگیرکردنی ناوچەی پیشەسازی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە وتارێکدا کە ڕۆژی شەممە پێشکەشی کرد، دۆخی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی بە "زۆر ئاڵۆز" و "بە شێوەیەکی وەسف نەکراو قورس" ناودێر کرد.

XS
SM
MD
LG