Accessibility links

سەرۆک بایدن سەردانی شاری یوڤاڵدی دەکات


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە شاری یوڤاڵدی لە ویلایەتی تەکساس لە باشووری ڕۆژئاوای ئەمەریکا ئامادە دەبێت، و ئەمەش دووهەم گەشتی سەرۆکی ئەمەریکایە لە میانەی ئەم مانگەدا بۆ ناوچەیەک کە تێیدا تەقەکردنی بە کۆمەڵ ڕوویداوە.

هەفتەی رابردوو لە یوڤاڵدی 19 منداڵ و دوو ماموەستا لە تەقەکردنێکی بە کۆمەڵدا لە لایەن چەکدارێک لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی کوژران.

سەرەتای ئەم مانگە جۆو بایدن سەردانی شاری بوفالۆی لە ویلایەتی نیویۆرک کرد کە تێیدا کەسێکی سپی پێست لە مارکێتێکدا تەقەی کرد و بەهۆیەوە ١٠ کەسی ڕەشپێست کوژران.

سەرۆک بایدن لەگەڵ خانمی یەکەم جیل بایدن بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممەش لە شاری یوڤاڵدی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکان و رزگاربووانی تەقەکردنەکەی ئەو قوتابخانەیە کۆببێتەوە، و هەروەها سەردانی شوێنی یادکردنەوەی قوربانییەکان بکەن و بەشداری لە مەراسیمێک لە کڵێسایەکی کاسۆلیک بکەن.

ڕۆژی شەممە لە شاری یوڤاڵدی دەیان کەس گردبوونەوە بۆ ماتەمینی و ڕێزگرتن لە یادی ئەو 21 کەسەی گیانیان لەدەستدا .

لێکۆڵینەوەکان ڕۆژی شەممە سەبارەت بەو کاتەی کە پێویست بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارە مێرمنداڵەکە کە ناوی سەلڤادۆر رامۆس و تەمەنی ١٨ ساڵ بووە، بەردەوام بوون کە دەوترێت لەو کاتەی کە چەکدارەکە ئۆتۆمبیلەکەی کەوتوەتە ناو چالێکەوە لە نزیک قوتابخانەکە تا ئەو کاتەی لە لایەن پولیسەوە کۆژراوە نزیکەی 90 خولەکی پێچووە.

چەکدارەکە تفەنگێکی جۆری AR-15 و کیسەیەک فیشەکی پێبووە، و پێش ئەوەی پولیس هێرش بکەنە ناو قوتابخانەکە و بیکۆژن، بۆ ماوەی 40 خولەک بۆ کاتژمێرێک لە قوتابخانەکەدا بووە.

ساموێل سالیناسی تەمەن 10 ساڵ، گوتی رامۆس بە پەلە هاتە ناو پۆلەکەی کە پۆلی چوارەم بووە و گوتوێتی "هەمووتان دەمرن".

سالیناس بە کەناڵی ABC Newsی گوتووە "تەقەکەرەکە یەکسەر دەستی کرد بە تەقەکردن."

خوێندکارێکی دیکە بە ناوی دانیال کە دایکی ڕێگەی پێدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست قسە بکات، گوتی ماموەستاکەی بەخێرایی دەرگاكەی قوفڵ كرد و گڵۆپەكانی كوژاندەوە، گیانی ئەوانی رزگار كرد.

دانیال گوتیشی کاتێک چەکدارەکە لە پەنجەرە شووشەکانەوە تەقەی کرد و دوو گولە بەر ماموەستاکەی کەوتوە، و ئەو گوتی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر خوێندکارەکان لە تاریکیدا خۆیان حەشاردا بوو.

دانیال بە ڕۆژنامەکەی گوتووە ئەو و هاوپۆلەکانی کاتێک ڕزگاریان بووە کە پۆلیس پەنجەرەی ژوورەکەی شکاندووە و ئەوانی گواستوەتەوە بۆ جێگایەی پارێزراوتر.

XS
SM
MD
LG