Accessibility links

ئێران دوو خانمە سینەماکار بە کەفالەت ئازاد دەکات


چالاكوانانی ئێران رایانگەیاند دوای ئەوەی زیاتر لە هەفتەیەک ئەو ژنانەی کە لە سەروەختی ناڕەزاییەکانی دژی بەرزبوونەوەی نرخەكان دەستگیرکرابوون، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە بە دانانی کەفالەتی دارایی ئەو دوو سینەماكارە ناودارەی بەڵگەفیلمیان ئازاد كردووە.

ڕێکخراوی بیدارزەنی کە ڕێکخراوی مافی ژنانە ڕایگەیاند "مینا کەشاڤەرز و فیروزە خوسرەڤانی کە هەردووکیان ڕۆژی 7ی مانگی 5 دەستبەسەر کرابوون و لە بەندیخانەی ئێوین تاران ڕاگیرابوون، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ئازادکران."

ڕێکخراوەکە دەشڵێت ئازادکردنیان کاتییە و دوای ئەوە هاتووە کە خێزانەکانیان تەداخولیان کردووە بۆئەوەی بە کەفالەت ئازادبکرێن، هەروەها میدیاکانی فارسی زمان کە بنکەکانیان لە دەرەوەی ئێرانە، ئازادکردنیانی پشتڕاستکردەوە.

دەستەیەک لە ئەکتەر و دەرهێنەری سینەمایی ئێرانی لە نێویاندا دەرهێنەری بەناوبانگ محەمەد ڕەسووڵۆف لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا نامەیەکی کراوەیان بڵاو کردبووەوە کە لێپرسینەوە و دەستگیرکردنی چەند سینەماکارێک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و هەروەها هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان شەرمەزار کردبوو.

ده ستگیركردنی ئه و سینەماكارانه له كاتێكدایه كه ناڕەزایەتییەكان له ئێران بەردەوامن به هۆی بەرزكردنەوه ی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان لەوانه نان كه به وتەی چالاكوانانی بنكە له دەرەوەی ئەو وڵاته له هەڵمەتێکی سەركوتكردندا چه ندین کەس كوژراون و سەدانی دیكەش ده ستگیركراون.

تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە کەسایەتییە دیارەکانی دیکە کە لە سەرکوتکردنەکەدا دەستگیرکراون ئازادکرابن یان نا.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان کە بنکەکەیان لە ئەمەریکایە ڕایگەیاندووە کە لانیکەم پێنج ڕۆژنامەنووس و سینەماکار دەستگیرکراون کە هەموویان ژنن، هەروەها ڕیهانە تەراڤاتی فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەنوانی سەربەخۆش لەنێو دەستگیرکراوەکاندایە.

ئاماژەشیان بەوە داوە کە ئەو دوو کەسەی دیکە کە دەستبەسەرن پێدەچێت فیلمسازانی دیکۆمێنتاری پەریسا ئەنڤەری و شیلان سەعدی بن.

شەریف مەنسوور ڕێکخەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریاکای ڕێکخراوی CPJ ڕایگەیاند "بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی ئێرانەوە بۆ بێدەنگکردنی دەنگە سەربەخۆکان، پێنج ڕۆژنامەنووسی ژنی خستۆتە زیندانەوە."

دەشڵێت "دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران لەوە تێبگەن کە ناتوانن بە زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان واقیعی سەختی ئەو وڵاتە بشارنەوە".

هەروەها میدیا ناوخۆییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە پۆلیس ئەکادیمیست و نوسەری بەنێوبانگ سەعید مەدەنییانی بە تۆمەتی هەڵسوکەوتی "دژ بە ئاسایشی" وڵات و هەبوونی پەیوەندی بە دەوڵەتە بیانییەکانەوە دەستگیرکردووە.

میدیاکانی دەرەوەی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئەو دەستگیرکردنە دوای ئەوە هاتووە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیاکانی تاراوگەدا ئەنجامداوە و باسی ئەو ئاڵنگاریانەی کردووە کە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا بۆ حکومەت دروستیدەکەن.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG