Accessibility links

خانمی یەکەمی ئەمەریکا سەردانی ئۆکرانیا دەکات


جیل بایدن خانمی یەکەمی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە گەشتێکی ڕانەگەیەندراودا سەردانی ئۆکرانیای کرد و چاوی بە خانمی یەکەمی ئۆکرانیا ئۆلینا زێلێنسکا کەوت.

جیل بایدن ڕۆژی یەکشەممە کە لە ئەمەریکا هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی دایک، سەرەتا سەردانی پەنابەرانی ئۆکرانی لە سلۆڤاکیا کرد, و پاشان لە گەشتێکیدا بۆ ئۆکرانیا سەردانی پەناگەیەکی ئۆکرانییەکان و هاوسەری سەرۆکی ئۆکرانیای کرد.

سەردانەکەی بۆ قوتابخانەیەکی گشتی ئۆکرانیا بوو، کە پەناگەی 163 ئاوارەی ئۆکرانییە، و خانمی یەکەم ئامانجی گەشتەکه ی بۆ پشتیوانی گەلی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

جیل بایدن گوتی کە "بە گرنگم زانی کە نیشانی خەڵکی ئۆکرانیا بدەم کە ئەم شەڕە دەبێت بوەستێت، و ئەم شەڕە دڕندەیە، و خەڵکی ئەمەریکاش لەگەڵ خەڵکی ئۆکرانیان."

ئۆلینا زێلێنسکا کە لەوەتای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24ی مانگی 2دا بۆ یەکەم جارە لە فەزایەکی گشتیدا دەبینرێت، ستایشی ئازایەتی خانمی یەکەمی ئەمەریکای کرد بۆ گەشتەکەی بۆ ئۆکرانیا، و گوتی ئێمە ستایشی هەوڵەکانی ئێوە دەکەین کە لەم بارودۆخەدا و لە میانەی ئەم شەڕەدا سەردانی ئۆکرانیاتان کردوە.

جیل بایدن دوای گەشتە کورتەکە بۆ شارە سنوورییەکەی ئۆکرانیا، گەڕایەوە سلۆڤاکیا و بەگوێرەی بەرنامەکان بڕیار بووە گەشتەکەی ماوەی چوار ڕۆژ درێژەی هەبێت و ڕۆژی دووشەممەش ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵێت.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا سەرکردایەتی هەوڵەکان بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ڕووسیا و فشارخستنەسەر ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ئەو وڵاتە دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئەمەریکا لەوەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ڕووسیا گەشتی بۆ ئۆکرانیا نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەمەریکا لەوانە وەزیری دەرەوە ئانتۆنی بلینکن، و وەزیری بەرگری لۆید ئۆستن ، و نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە دوو هەفتەی ڕابردوودا سەردانی کیێڤیان کردوە.

XS
SM
MD
LG