Accessibility links

پەیمانگای بەرلین سوود لە ئەزموونی جەنگی جیهانی دووەم وەردەگرێت بۆ دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا


پەیمانگای Pilecki لە بەرلین کە تایبەتمەندە بە توێژینەوە لەسەر مێژووی سەدەی بیستەم, لەوانە تاوانەکانی نازییەکان لە جەنگی جیهانی دووەمدا، ئەم ئەزموونە بەکاردەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی لێدوانەکانی پەنابەرەکان سەبارەت بە ئەگەری تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) دوابەدوای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24ی مانگی 2 ی 2022، لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی دەسپێکردووە لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ئۆکرانیا.

پەیمانگای Pilecki بەناوی ئەفسەرێکی هێزی لەشکری ئەسپسواری پۆڵەندیەوە ناونراوە کە ژیانی خۆی خستۆتە مەترسیەوە بۆ بەڵگەنامەکردنی بارودۆخەکە لە گرتوخانەی لەشکری Auschwitz لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا. پەیمانگەکە دەستیکردووە بە دەستپێشخەری خۆی بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی جەنگ لە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئاوارە و پەنابەرەکاندا.

ماتیۆ فالکۆڤیسکی جێگری سەرۆکی پەیماناگەکە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "ئێمە هەموو ڕاپۆرتی شایەتحاڵەکان کۆدەکەینەوە لەسەر تاوانەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا لەسەر بنەمای ئەو ئەزموونەی هەمانە وەک دامەزراوەیەک کە کاری مامەڵەکردن و کۆکردنەوەی دەنگی قوربانیانی جەنگی جیهانی دووەمە."

داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ دەریخست ڕۆژی هەینی زیاتر لە 369 هەزار کەس تۆمارکراون کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە هەڵاتوون بۆ ئەڵمانیا.

پڕۆسەی چاوپێکەوتنی شایەتحاڵەکان دەستپێدەکەن بە داواکردنی کورتە نوسراوێک بۆ باسکردنی بارودۆخی شایەتحاڵەکان لە کاتی جەنگەکەدا و پاشان بەردەوام دەبن لە پرسیارکردن سەبارەت بە چەند ڕووداوێک لە شوێن و کاتە دیاریکراوەکاندا.

فالکۆڤسکی گوتیشی "بۆ نموونە ئەوەی لە ڕۆژێکی دیاریکراو و لەم شوێنە ڕوویداوە، چ لە ماریوپۆل، خارسۆن و چ لە شوێنەکانی تر، ئەوان لە کوێ بوون و بە تەواوی چییان بینیوە."

فالکۆڤسکی گوتیشی ئەو تاوانانەی بەڵگەسازی بۆ دەکرێت مەودای لەناوچوونی ژێرخانی مەدەنی یان مۆنۆمێنتەکان و تا توندوتیژی سێکسی یان تاوانەکانی دیکەی جەنگ، هەروەها ئەوەشی گوت کە ڕاپرسییەکە بە هاوکاری پسپۆڕانی یاسایی دروستکراوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو زانیاریانەی کە لە دەرئەنجامی ئەمەدا کۆدەکرێنەوە، بکرێت بە بەڵگەنامەیەکی یاسایی پەیوەندیدار بۆ دوای جەنگەکە.

هەروەها گوتیشی "ئەمە مانای ئەوەیە کە لە ڕووی زانستییەوە ئێمە ئەرشیفێکی مێژووی زارەکی دروست دەکەین."

فالکۆڤسکی گوتیشی "هیوادارم ئۆکراینا لەبیر نەکرێت، بەو هیوایەی خەڵک لە ڕۆژئاوا ئەگەر دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە پشت بەو دیدار و ماددە و دۆکیومێنتانە ببەستن."

بینای ئەو پەیمانگایە نزیکە لە مۆزەخانەی یادەوەریی و بەڵگەکانی هۆلۆکۆست لەناو دڵی پایەتختی ئەڵمانیا لە بەرلین، هەڵساون بە کۆکردنەوەی جلوبەرگ و یارمەتی پزیشکی و ئامادەیان دەکەن و دەینێرن بۆ ئۆکرانیا.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بەڵگەی زۆری تاوانەکانی جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا هەیە کە بریتین لە نیشانەکانی بۆردومانی هەڕەمەکی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرای لە سێدارەدان و گوتیشی وا دیارە ئۆکرانیاش چەکی بەکارهێناوە بەشێوازێکی هەڕەمەکی.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG