Accessibility links

سەرۆک بایدن بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار کۆمەکی سەربازی و مرۆیی بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە گوتی ئەمەریکا بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار کۆمەکی سەربازی و 500 ملیۆن دۆلار یارمەتی ئابووری ڕاستەوخۆ بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات، لە کاتێکدا ڕووسیا دەستیکردووە بە ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

بایدن گوتی کۆمەکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، تۆپ و تۆپهاوێژی دوورمەودای ناسراو بە هاویتزەر لە خۆدەگرێت. دواین کۆمەکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا ئاستی هاوکارییەکانی واشنتن بۆ کیێڤ بەرزدەکاتەوە بۆ 3.2 ملیار دۆلار لەوەتەی هێزەکانی رووسیا هێرشیان کردۆتە سەر ئۆکرانیا.

لە ژووری ڕۆزڤێلتی کۆشکی سپییەوە بایدن گوتی، "لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بە خێراییەک چەکمان بۆ ئۆکرانیا ناردووە کە لە مێژوودا ڕووینەداوە. هەزاران کۆپتەری دژە زرێپۆش و دژە موشەکی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نارنجۆک، دەمانچە، تفەنگ، سیستەمی ڕادارمان ناردووە. زیاتر لە 50 ملیۆن فیشەک نێردراوە."

بایدن گوتی لەبەرامبەر هەر زرێپۆش (تانکێک)ی ڕووسیدا کە چۆتە ئۆکرانیاوە، 10 سیستەمی هاوێشتنی موشەکی تاکنبڕی بۆ ئۆکرانیا دابینکردووە.

جگە لە کۆمەکی سەربازی و مرۆیی و ئابووری، بایدن گوتی وڵاتەکەی بەردوام زانیاری هەواڵگری خێرا لەبارەی هێزەکانی رووسیاوە و پلانەکانیانەوە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا دابیندەکات.

بایدنی گوتیشی، "ئەو کۆمەکانە دەنێرین بۆ بەرەکانی ئازادی، بۆ سەربازە چاونەترس و بەتواناکانی ئۆکرانیا."

گوتەکانی بایدن دوای کۆبوونەوەیەک دێت کە دوێنی ئێوارە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەی ئەنجامیدا.

هەفتەی ڕابردوو، بایدن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆڵۆدیمیر زێلێسکی ئەنجامدا، دوای تەلەفۆنەکە بڕیاری دابینکردنی بڕی 800 ملیۆن دۆلار کۆمەکی سەربازی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG