Accessibility links

عێراق سزای لە سێدارەدان بۆ هەشت "تیرۆریست" دەردەکات


دەستەی دادوەری ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند هەشت کەس لە عێراق سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، کە نیوەیان تۆمەتباربوون بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە ساڵی 2020 لە شاری ڕومادییە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری گوتی، "دادگایەکی تاوان لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری ڕومادی سزای لە سێدارەدانی بەسەر چوار تیرۆریستدا سەپاند."

دادگاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەو پیاوانەی لە مانگی نۆی ساڵی 2020دا هێرشێکیان ئەنجامدا کە بووە هۆی برینداربوونی شەش کەس، کاریان لەگەڵ رێخکراوی تیرۆریستی داعش کردووە.

داعش لە ساڵی 2014ەوە خەلافەتێکی لە بەشێکی زۆری عێراق و سوریا دامەزراند، لەگەڵ ئەوەی عێراق سێ ساڵ دواتر سەرکەوتنی بەسەر ئەو چەکدارانەدا ڕاگەیاند، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە هەڕەشەکردن و ئەنجامدانی هێرشەکانیان.

لە حاڵەتێکی جیادا دادگایەکی تاوان لە نەجەف لە باشووری بەغدا بە تۆمەتی کوشتنی پۆلیسێک لە مانگی یەکی ساڵی 2021دا سزای لە سێدارەدانی بەسەر چوار کەسدا سەپاند.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری گوتی ئەفسەرەکە " ویستویەتی ئۆتۆمبیلێک بکڕێت" بەڵام لە کاتی گەیشتی تەقەیان لێکردووە و پارەکەیان دزیوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند عێراق چوارەمین وڵاتە لە سەر ئاستی جیهان بۆ ژمارەی حاڵەتەکانی لە سێدارەدان.

ئەم گروپەی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، کە بنکەکەی لە لەندەنە، ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2020 نزیکەی 50 حاڵەتی لە سێدارەدانی لەو وڵاتە تۆمار کردووە، کە زۆریان چەکدارانی داعش بوون.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG