Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر چەند کەسایەتییەک لە وڵاتانی باڵکاندا دەسەپێنێت


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە کۆمەڵێک سزای بەسەر حەوت کەس لە وڵاتانی باڵکانی ڕۆژئاوادا سەپاند بە تۆمەتی "هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە"، لەوانە دوایین سەرۆکی یەکێتی کورتخایەنی سربیا و مۆنتینیگرۆ.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا یەکێک لەو کەسانەی کردوویەتیە ئامانجی سزاکان، سڤێتوزار ماروڤیچە.

ماروڤیچ جیا لەوەی سەرۆکی یەکێتی کورتخایەنی سربیا و مۆنتینیگرۆ بووە، جێگری سەرۆکی پێشووی پارتی سۆسیالیستەکانی مۆنتینیگرۆ بووە تا ساڵی 2015 و لە ساڵی 2015دا لەلایەن دەسەڵاتدارانی مۆنتینیگرۆوە لەسەر گومانکردن لە تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکراوە.

بە پێی ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی خزینەی ئەمەریکا ماروڤیچ لە ساڵی 2016دا دان بە دوو لەو تۆمەتانەی گەندەڵییەکانیدا دەنێت، بەڵام پێش ئەوەی سزاکەی جێبەجێ بکرێت بەرەو سربیا هەڵدێت.

وەزارەتی خەزێنە هەروەها سزای خستووەتە سەر عەقیف ڕاکیپی پەرلەمانتاری پێشووی ئەلبانیا، عاسیم سەراجلیک، ئەندامی پەرلەمانی بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا و ئەوانی دیکە لەو وڵاتانە و هەروەها لە باکووری مەقدوونیا.

بریان نێلسۆن، جێگری وەزیری خەزێنە لە کاروباری تیرۆریزم و زانیارییە داراییەکان، لە بەیاننامەکەدا گوتی "ئەو کەسانەی ئەمڕۆ دەستنیشان کراون هەڕەشەیەکی جدین بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و بۆ سەر ئەو لایەن و دامەزراوانەی کە ئاواتیان دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتیە لە بالکانی ڕۆژئاوا.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی خزینەی ئەمەریکا هەر جۆرە سەرمایەیەکی ئەو کەسانەی دیاریکراون لە ئەمەریکا سڕ دەکات و بە گشتیش مامەڵەی ئەمەریکیەکان لە لەگەڵیاندا قەدەغە دەکات.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا قەدەغەی ڤیزا لە دژی سەرۆک وەزیرانی پێشووی مەکدۆنیای باکوور و کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکەی هەردوو وڵاتی مەقدۆنیای باکوور و بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا دەرکرد و گوتی، کە سێ کەسی لە گەشتکردن بۆ ئەمەریکا قەدەغە کردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG