Accessibility links

پاش سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر بەرهەمهێنەرانی مووشەکی ئێران، تارانیش سزا بەسەر 24 ئەمەریکاییدا دەسەپێنێت


تاران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند سزای خستووەتە سەر ژەنەڕاڵێکی خانەنشینی ئەمەریکا و 23 کەسی تری ئەمەریکایی وەک دەڵێت دەستیان هەبووە لە کردەوەی کە تاران بە تیرۆرسم و سەرپێچیکردن لە مافەکانی مرۆڤ وەسڤی دەکات.

ئەم ڕاگەیاندنەی تاران چەند ڕۆژێک پاش ئەوەیە کە واشنتن سزای نوێی سەپاند بەسەر ئێراندا هاوکاتی وتووێژە گرنگەکانی ڤیەننا بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015ی زلهێزانی جیهان لەگەڵ ئێراندا.

ژەنەڕاڵی خانەنشینی ئەمەریکایی کە ڕێبەرایەتی نێوەندی سەرکردایەتی ئەمەریکای دەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێو ئەو 24 کەسەیە کە ئێران سزای سەپاندووە بەسەریاندا.

ڕێککەوتنی ناوکی لە نێوان تاران و زلهێزانی جیهاندا کە لە ئێران بە بەرجام ناسراوە، لە ساڵی 2015 بە مەبەستی لابردنی سزاکانی ئێران بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ناوکییەکەی ئەنجام درا. مەبەست لەم ڕێککەوتنە ڕێگەگرتن بوو لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، ئەمەش شتێکە کە ئێران هەمیشە نکوڵیکردووە لەوەی هەوڵی بۆ دابێت.

لە ساڵی 2018 ئەمەریکا تاکلایەنە لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندوە، ئێرانیش لە وابەستەبوونی بە ڕێککەوتنەکە کشایەوە.

دانوستانەکانی ڤیەننا کە نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا دەستی پێکرد لە نێوان ئێران، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ڕووسیا و چین بەڕێوە دەچێت و ئەمەریکاش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارە.

وتووێژەکان پێشڕەوییان دەکرد بەرەو بوژانەوەی ئەو ڕێککەوتنە. بەڵام لە مانگی 11 ڕاگیران پاش ئەوەی ڕووسیا داوای متمانەی کرد کە سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەری، پاش هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا، کارنەکاتە سەر بازرگانی کردنی لەگەڵ ئێراندا.

چەند ڕۆژێک دواتر مۆسکۆ ڕایگەیاند کە گرەنتی پێویستی وەرگرتووە، بەڵام ئەو بنبەستە بەردەوام بوو لە کاتێکدا تاران و واشنتن یەکتر تۆمەتباردەکەن بۆ هاوکاری دواخستنەکە.

لە کۆتایی مانگی سێدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای خستە سەر چەند قەوارەو کەسایەتی ئێران و گوتی پەیوەندییان هەبووە بە بەرنامەی مووشەکی ئێرانەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سزاکان بە تایبەتی ناوەندی توێژینەوە و پیشەسازی بەرگری سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کە بەرپرسیارە بۆ لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیکی وڵاتەکە.

هەر ڕۆژێک پاش ئەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی سزا نوێیەکانی ئەمەریکا خواستی واشنتن بەرامبەر بە ئیران پیشان دەدات.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG