Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکانی ڕۆژئاوا، سەردانی هیندستان دەکات 


کاربەدەستانی مۆسکۆ ڕایانگەیاند وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بڕیارە لە سەرەتای ڕۆژی پێنجشەممەوە لە گەشتێکی دوو ڕۆژەدا سەردانی هیندستان بکات و پێدەچێت مەبەست لەو گەشتەش، فشارخستنەسەر هیندستان بێت بۆ ڕێگەگرتن لە فشارەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر مۆسکۆ کە لەوەتای داگیرکارییەکانی لە ئۆکرانیا ڕووبەڕووی بووەتەوە.

هیندستان لە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرکۆنەی ڕووسیا دەکات، خۆی پاراستوە و بەردەوامە لە کڕینی نەوت و کەلوپەلی تری ڕووسیا.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو هەنگاوەکانی هیندستانی بەرامبەر بە پرسی ڕووسیا و سزاکانی سەر ئەو وڵاتە "تاڕادەیەک لەرزۆک" وەسف کرد.

گەشتەکەی سێرگی لاڤرۆڤ هاوکاتە لەگەڵ سەردانی لیز تروس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و دەلیپ سینگ، ستراتیجیستێکی سزاکانی واشنتن و جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بۆ ئابووری نێودەوڵەتی.

پێشبینی دەکرێت تروس و سینگ داوا لە هیندستان بکەن بۆ یارمەتیدانی هەوڵەکانی ڕۆژئاوا لە گۆشەگیرکردنی ڕووسیا لە ڕووی ئابوورییەوە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە " سینگ لە نزیکەوە ڕاوێژ لەگەڵ هاوتا هیندییەکەی دەکات لەسەر دەرئەنجامەکانی شەڕی ناڕەوای ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە لەسەر ئابووری جیهان."

لاڤرۆڤ بڕیار بوو لە چینەوە گەشت بۆ هیندستان بکات، چینیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیای ڕەتکردوەتەوە و هەوڵیداوە ئاستێکی دیبلۆماسی بۆ رووسیایەکی گۆشەگیرکراو دابین بکات.

لاڤرۆڤ لە ڤیدیۆیەکدا کە پێش چاوپێکەوتنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت "جیهان بە قۆناغێکی زۆر جدی لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا تێدەپەڕێت."

لاڤرۆڤ بەنیاز بوو لە کۆبوونەوەکان کە چین میوانداری دەکات سەبارەت بە ئەفغانستان، لەگەڵ کاربەدەستانی هیندستان کۆببێتەوە، بەڵام دیپلۆماتکارانی هیندستان بانگهێشتی کۆبوونەوەکەی چین نەکرابوون.

پەیوەندیەکانی هیندستان لەگەڵ چین دوای ئەوەی 20 سەربازی هیندی و چوار سەربازی چینی لە ناکۆکییەکی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە ساڵی 2020 لە سەر سنووری هیمالا کۆژران، زۆر بە خراپی تێکچووە.

هیندستان و ڕووسیا بۆ دەیان ساڵە پەیوەندیەکی نزیکیان هەیە.

هیندستان کە مۆسکۆ بە "دۆستی کۆن و تاقیکراوی خۆی" ناودێر دەکات، زۆربەی ئامێرە سەرەکیە سەربازییەکانی لە ڕووسیاوە هاوردە دەکات.

XS
SM
MD
LG