Accessibility links

میسڕ، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی سازدەکەن


سەرۆکی میسر، ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ڕۆژی سێشەممە لە هاوینەهەواری کەناراوەکانی دەریای سووری شەرم ئەلشێخ کۆبوونەوە، میسڕ دەڵێت ئەو کۆبوونەوەیە بۆ تاوتوێکردنی بازاڕەکانی وزە و ئاسایشی خۆراکە. هاوکات شیکەرەوەکان دەڵێن ئەگەری ئەوە هەیە کاریگەری هەبێت لەسەر هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح ئەلسیسی میوانداری دیدارەکەی کرد لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئەلنەهیان و نەفتالی بێنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل؛ کە ئەم کۆبوونەویە یەکەمین کۆبوونەوەی لوتکەیی سێ قۆڵیە لەوەتەی ئیمارات پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردۆتەوە.

سەرۆکایەتی وڵاتی میسر ڕایگەیاند کە باسیان لە سەقامگیری بازاڕەکانی وزە، ئاسایشی خۆراک، هەروەها کێشە نێودەوڵەتییەکان و ناوچەکە کردووە بەبێ ئەوەی باس لە وردەکارییەکان بکەن.

ئیمارات و عەرەبستانی سعودیە تواناکانی خۆیان چڕکردەوە بۆ داخوازیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمی نەوت و ڕاگرتنی زیاد لە ڕادە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا لە مانگی ڕابردوودا.

ئەو سێ وڵاتەی کە لە گفتوگۆکانی ڕۆژی سێشەممەدا بەشدارن، هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ئەمریکان، بەشێکن لە بازنەی عەرەب و ئیسرائیل کە بەدوای هاوسەنگی هێزدا دەگەڕێن لەبەرامبەر ئێران دا لە کاتێکدا نادڵنیاییەک لە ئارادایە سەبارەت بە پابەندبوونی واشنتۆن بە ئاسایشی ناوچەکەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی بێنێت دا هاتووە "سەرکردەکان باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەر سێ وڵاتەکەیان کردووە لە چوارچێوەی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی جیهان و ناوچەکە لە بەر ڕۆشنایی شێوازەکانی بەهێزکردنیان لە هەموو ئاستەکاندا.

نیگەرانییەکانی ئێران

نیگەرانییە هاوبەشەکان سەبارەت بە ئێران وای لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین کرد کە لە ساڵی 2020دا پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دا دروستبکەن. میسڕ یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو کە 40 ساڵ لەمەوبەر پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دا مۆرکردووە.

میسڕ بەهۆی جەنگ لە ئۆکرانیا و ئەو گوشارەی لەسەر ئابووری بازاڕ دروستیکردووە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی تایبەت دەبێتەوە لە بوارەکانی وزە و ئاسایشی خۆراک، ئەمەش وای لە قاهیرە کرد کە ڕۆژی دووشەممە بە 14٪ نرخی دراوەکەی کەم بکاتەوە.

بەهۆی جەنگەکەوە میسر دووچاری ئاڵنگاری تێچوونی دابینکردنی پێویستییە گەورەکانی هاوردەکردنی گەنم دەبێتەوە، هەروەها لەدەستدانی داهاتی گەشتیاری کە گەشتیارانی ڕووسیا و ئۆکرانی سەردانی هاوینەهەوارەکانی دەریای سووریان دەکرد. ڕووسیا و ئۆکرانیا دابینکەری سەرەکی گەنمن بۆ میسر کە زۆرجار میسڕ گەورەترین وڵاتی هاوردەن لە جیهاندا.

لە ڕابردووشدا میسڕ داوای پشتگیری دارایی لە وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداو کردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG