Accessibility links

تورکیا دەڵێت خەرێکە ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر کێشە گرنگەکان ڕێک دەکەون


مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەدیدارێکدا کەڕۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە گوتی ڕووسیا و ئۆکرانیا خەرێکە لە ڕێککەوتن لەسەر کێشە گرنگەکان نزیک دەبنەوە، و ئومێدەواربوو ئاگربەست بێتە دی ئەگەر هەردوو لایەن لەو پێشکەوتنەی کە تا ئێستا بەدەستهاتووە بەردەوامببن.

هێزەکانی ڕووسیا ئۆکرانیایان لە 24ی مانگی دوودا داگیرکردووە. سەرۆک ڤلادیمیر پوتن هێرشەکەی ڕووسیای بە "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت" ناودێرکرد.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و دیمیترۆ کۆلێبای وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە ئامادەبوونی مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هاوینەهەوارگەی ئەنتالیا لە تورکیا کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەیان ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبوو.

هەرچەندێکە وەزیری دەرەوەی تورکیا کە هەفتەی ڕابردووش بۆ وتووێژ لەگەڵ لاڤرۆڤ و کۆلێبا گەشتی بۆ ڕووسیا و ئۆکرانیا کردووە، بە ڕۆژنامەی تورکی حوڕییەتی گوت کە "پێداچوونەوەیەک هەبووە لە لایەن هەردوولادا بە هەڵوێستەکانیان لە سەر کیشە گرنگەکان".

چاوش ئۆغڵۆ گوتی: "دەتوانین بڵێین ئومێدەوارین ئاگربەست ىێتە دی ئەگەر لایەنەکان هەنگاوێک بەرەو دواوە نەنێن لەو هەڵوێستانەی کە لە ئێستاکەدا هەیانە".

ئیبراهیم کالین وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ، لە وتەکانی بۆ تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە ، گوتی کە هەردوولایان خەرێکە لە ڕێککەوتن لەسەر چوار کێشەی سەرەکی نزیک دەبنەوە. ئاماژەشی دا بە داوای ڕووسیا لە ئۆکرانیا بۆ وازهێنان لە خواستی بۆ چوونە پاڵ ناتۆ و چەک داماڵینی.

تورکیا سنووری ئاوی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەیە و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا هەیە، هەروەها پێشنیاری کردووە نێوەندگری بکات لەنێوانیاندا. پشتیوانی خۆشیشی بۆ ئۆکرانیا دەربڕیوە بەڵام لە هەمان کاتدا دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاوا دەکات بۆ سەر مۆسکۆ.

XS
SM
MD
LG