Accessibility links

ڕووسیا داوای یارمەتی لە چین دەکات


ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە چاوەڕی دەکات چین یارمەتی بدات لە بەرنگاربوونەوەی کاریگەریی سزاکانی ڕۆژئاوا، و هاوکاتیش ئەمەریکا هۆشداریدا کە هەر جووڵەیەک لە لایەن چین یان ئەوانی ترەوە بۆ دابینکردنی هێڵێکی ژیان بۆ ڕووسیا، یان یارمەتیدانیان بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ڕۆژئاوا، ئەنجامێکی خراپی دەبێت بۆیان.

ئانتۆن سیلوانۆڤ وەزیری دارایی ڕووسیا گوتی سزاکانی ڕۆژئاوا، مۆسکۆی لە 300 ملیار دۆلار لە 640 ملیار دۆلار یەدەگی زێڕ و دراوی بیانی خۆی بێبەشکردووە، گوتیشی فشارێک لەسەر پەکین هەیە بۆ بەستن و بڵۆککردنی زیاتری داراییەکانی.

ئەو گوتی "ئێمە بەشێک لە زێڕ و دراو و دارایی خۆمان گۆڕیوە بۆ دراوی چین و ئێستاش دەبینین چ فشارێک لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە هەیە بۆ سەر چین بۆ سنوردارکردنی بازرگانی هاوبەشمان لەگەڵ چیندا، و بێگومان فشار هەیە بۆ سنوردارکردنی ئێمەش لەدەستڕاگەیشتنمان بۆ داراییەکانمان لە وڵاتی چین."

وەزیری دارایی ڕووسیا گوتیشی " پێم وایە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ چین ئەو دەرفەتەمان دەداتێ ئەو هاوکارییانەی بپارێزین کە بەدەستمان هێناوە، و نەک هەر بەردەوام بین، بەڵکو لەو جێگانەی کە بازاڕەکانی ڕۆژئاوا داخراون، ئەو هاوکارییانە زیاتر گەشە پێبدەین."

وڵاتانی ڕۆژئاوا لە 24ی مانگی 2 وە و لەوەتەی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، سزایەکی بەرچاویان بەسەر سیستمی دارایی و کۆمپانیاکانی ڕوسیادا سەپاندووە.

لێدوانەکانی سیلوانۆڤ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە شێوەیەکی ڕوون دەرخەری داواکاری مۆسکۆیە لە چین کە یارمەتی بدات بۆ ئەوەی کاریگەری سزاکان کەم بکاتەوە.

بەڵام ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی جەیک سولیڤان ڕۆژی یەکشەممە گوتی واشنتون هۆشداری دەداتە چین کە ئەو داواکارییە قبوڵ نەکات.

جەیک سولیڤان بە سی ئێن ئێنی گوت "ئێمە ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی تایبەتی پەیوەندی دەکەین بە پەکینەوە، و پێیان دەڵێن کە هەوڵەکان بۆ خۆلادان لە کاریگەری سزاکان یان پشتگیری ڕووسیا، ئەنجامی خراپی دەبێت."

سولیڤان گوتیشی "ئێمە ڕێگە نادەین ئەمە ڕووبدات و ناهێڵین کاریگەری سزاکان لە ڕێگای هیچ وڵاتێکەوە لە جیهاندا کەم بکرێتەوە و هێڵی ژیان بۆ ڕووسیا دابین بکرێت."

ڕووسیا و چین لەم چەند ساڵەی دواییدا هاوکارییەکانیان زیاتر کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەردووکیان کەوتوونەتە ژێر گوشاری توندی ڕۆژئاواوە لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ و هەندێ کێشەی تر.

پەکین تاکو ئیستا سەرزەنشتی هێرشەکەی ڕوسیای بۆ سەر ئۆکرانیا نەکردوە و بە داگیرکاری وەسفی ناکات، بەڵام داوای چارەسەری ئاشتیانە دەکات بۆ هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و ڕووسیا.

ڤلادیمیر پوتن و شی جین پینگ لە 4ی مانگی 2دا لە پەکین کۆبوونەوە و هاوبەشی و هاوپەیمانێتی ستراتیژی خۆیان ڕاگەیاند و گوتیان ئامانجیان بەرەنگاربوونەوەی کاریگەری ئەمەریکایە و هاوڕێیەتییەکەیان بە بێ سنوور ناودێر کرد.

چین لە دوای یەکێتی ئەوروپا گەورەترین بازاڕی هەناردەی ڕووسیایە. بەپێی ئاژانسی گومرگی چین، هەناردەی ڕووسیا بۆ چین لە ساڵی 2021دا بە بڕی 79.3 ملیار دۆلار بوو کە لەو بڕە، 56٪ ی نەوت و گاز بوون کە هەناردە کراوە.

XS
SM
MD
LG