Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناو مزگەوتێکی پاکستان دەیان کەس دەکوژرێن و بریندار دەبن


بەهۆی تەقینەوەیەک لە نێو مزگەوتێکی قەرەباڵغی کەمینە شیعەکان لە پاکستان بەلایەنی کەم 56 کەس کوژراون و زیاتر لە 194 کەسی تریش بریندار بوون.

تەقینەوەکە لە میانەی وتاری ڕۆژی هەینی مزگەوتێکی گەڕەکێکی قەرەباڵخی ناوەندی شاری پیشاوەر لە هەرێمی خەیبەر پەختونخوا ڕوویدا.

وەزیری ناوخۆی پاکستان شێخ ڕەشید ئەحمەد گوتی تەقینەوەکە خۆکوژی بووە و گوتیشی بەر لە تەقینەوەکە هیچ هەڕەشەیەک نەبووە.

ئەو گوتیشی هێرشبەرێک پاسەوانی دەرەوەی مزگەوتەکەی کوشتووەو چووەتە نێو مزگەوتەکەوە.

گوتیشی ئەم ڕووداوە ترسناکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە پاش نزیکەی 24 ساڵ تیمی کریکێتی ئوستورالیا لە پاکستانن بۆ یارییەکی سێ ڕۆژی.

هارون ڕەشید بەرپرسێکی باڵای پۆلیس بە پەیامنێرانی ڕایگەیاند هێرشبەرەکە لە کاتی هێرشەکەیدا بۆ سەر ئەو مزگەوتە لە گەڕەکی بەناوبانگی قیسە خوانی بازار، دوو پۆلیسی لە دەروازەکە کوشتووە و پاشان چووەتە نێو هۆڵی سەرەکی مزگەوتەکە کە سەدان کەس لەوێبوون بۆ نوێژی هەینی و لەوێ کەرەستەی تەقەمەنییەکەی تەقاندەوە.

سەرۆک وەزیری پاکستان عمران خان زۆر بە توندی هێرشەکەی شەرمەزار کردووە و فەرمانی داوە بە دەسەڵاتداران هاوکاری دەستبەجێی زیانلێکەوتووان بکەن.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتەو ئەستۆ.

XS
SM
MD
LG