بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵێکی دیمەشقی پایتەختی سوریا بەلایەنی کەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوە. وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەڵێت ئەمە یەكێک بووە لە کوشندەترین ئاگرەکان لەم چەند ساڵەی دواییدا.
ئەحمەد عەباس بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دەڵێت زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە پاسەوان یان کارگوزارەکان بوون کە بە شەو لەو بازاڕە شەش نهۆمییە کاریان دەکرد.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هۆکاری گڕەکە نەزانراوە.
وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت " لە ئەنجامی ئاگرەکەی کە لە مۆڵی لا میرادا کەوتەوە، یازدە کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش ڕزگارکراون."
هەروەها دەشڵێت ئاگرەکە " زیانێکی زۆری دارایی گەیاندووە" تەاوی ئەو بازاڕانە سووتاون کە جل و بەرگ و کەلوپەلی چەرم و کەلوپەلی جوانکاری دەفرۆشن.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت " لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە."
ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پایتەختی سوریا زۆرجار دەبینرێت، هەندێک جار هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شۆرتی کارەبا و هەندێک جاریش بەهۆی ئامێرە ناپارێزراوەکانی گەرمکردنەوە.
شایەتحاڵێک بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاند ئاگرەکە نزیکەی کاتژمێر 3 ی بەرەبەیانی بوو. ئەو گوتی سەرتا لە نهۆمی سەرەوە دەستیپێکرد و پاشان خێرا تەشەنەی سەند.