Accessibility links

سەرچاوەکان: بایدن بڕیارە خانمە دادوەری ڕەشپێست جاکسن بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمەریکا کاندید بکات


بە پێی دوو سەرچاوەی ئاشنا بە پرسەکە، سەرۆک جۆو بایدن پلانی هەیە ڕۆژی هەینی کیتانجی براون جاکسن کە دادوەرێکی پێداچوونەوەی فیدڕاڵیە، وەک یەکەم ژنی ڕەشپێست کاندید بکات بۆ دادگای باڵای ئەمەریکا.

ڕاگەیاندنی کاندید کردنی جاکسن کە پێشبینی دەکرێت لە کۆشکی سپیدا ئەنجام بدرێت، پێدەچێت دەستپێکی شەڕێک بێت لە سیناتی دابەشکراودا بۆ پەسەندکردنی ئەو کاندیدە.

کات و ساتی ڕاگەیاندنی هەواڵەکە لە لایەن بایدنەوە بەهۆی داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیاوە لە گۆڕاندایە.

بایدن لە ماوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا بەڵێنی دا کە یەکەم ژنی ڕەشپێست بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێریت و بەڵێنەکەشی لە کاتی خانەنشینی ستیڤن برایەری تەمەنی 83 ساڵ، دووپاتکردەوە.

کاناڵی CNN یەکەم جار هەواڵەکەی سەبارەت بەوە کە بایدن بڕیاری خۆی لەو ڕووەوە داوە ڕاگەیاند و دواتریش هەواڵەکە لەلایەن CBS Newsوە پشتڕاستکرایەوە.

جیا لە جاکسن، دادوەری کارۆلینای باشوور میشێل چایڵدز و دادوەری دادگای باڵای کالیفۆرنیا لیۆندرا کروگەریش دوو لەو کەسانە بوون کە دانرابوون لە ڕێزبەندی کاندیدەکاندا.

ئەگەر بژاردەکەی بایدن بتوانێت بە سەرکەوتوویی ئەنجومەنی سینات تێپەڕێنێت، ئەوا بۆ یەکەمجارە کە ژنێکی ڕەش پێست لە مێژووی ئەمەریکادا ببێت بە جێگرەوەی ستیفن برایەری لیبرال لە دادگای باڵای ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG