Accessibility links

دۆخی زمانی کوردی لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا


لە ساڵی 1999، یوونسکۆ 21ی مانگی دووی وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ڕاگەیاند. لەو کاتەوە، ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری جیهاندا یادی دەکرێتەوە.

ئەم دەستکەوتە هەوڵێکە بۆ پاراستنی هەموو زمانە ناوخۆییەکان لە هەر شوێنێکی جیهان بێت. یوونسکۆ دەڵێت فرەیی زمانەوانی لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە لە کاتێکدا کە زمانەکانی زیاتر بەرەو لەناوچوون دەچن.

یوونسکۆ ئەمساڵ گوتی " لە ئاستی جیهانیدا 40٪ ی خەڵک ناتوانن بەو زمانەی کە قسەی پێدەکەن بخوێنن."

زمانی کوردی لە تورکیا

لە تورکیا کە زۆربەی کوردەکان تێیدا نیشتەجێن بە ڕەسمی زمانی کوردی قەدەغەکراوە و هەوڵەکان بۆ فێرکردنی زمانەکە سنوردارن.

لە ساڵی 2012ەوە بە ناوی زمان و دیالێکتەکانی ژیانەوە، خوێندکارانی قوتابخانەی ناوەندی (پۆلی 5 بۆ 8) توانیویانە زمانی کوردی (کرمانجی و زازاکی) وەک خولێکی هەڵبژاردن فێر ببن، بەڵام چالاکوانانی کورد دەڵێن حکومەتی تورکیا هەموو ساڵێک ئاستەنگ دەخاتە بەردەم مامۆستایان و خوێندکاران و ئەو خێزانانەی کە دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن.

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە لە ساڵی خوێندنی 2021-2022دا 20 هەزار و 265 خوێندکار وانەی کوردییان هەڵبژاردووە، شارەزایان دەڵێن ئەم ژمارەیە لە بە بەراورد بە ژمارەی کورد لە سەرتاسەری تورکیا زۆر کەمە.

زمانی کوردی لە سوریا

زاراوەی کرمانجی لە ساڵی 2014ەوە بووە بە زمانێکی فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا)دا. هەموو قۆناغەکانی خوێندن بە زانکۆکانیشەوە بە بە زمانی کوردی دەخوێنرێن، لە ئێستادا کورد بە ئازادی دەتوانێت فێری زمانی خۆی بێت جگە لە زمانی کوردی و عەرەبی و سریانی و زمانەکانی تر لە قوتابخانەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەریدا فێر دەکرێن.

بەڵام کێشەیەکی سەرەکی هەیە کە ڕێگرە لە پێشکەوتنی زمانی کوردی کە نە حکومەتی سوریا و نە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانیان بە شێوازی پەروەرد و فێرکردن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نەناوە، حکومەتی سوریا هێشتا زمانی کوردی وەک زمانێکی قەدەغەکراو دەبینێت.

لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژی دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە ڕێکخراو و بەرپرسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پشتگیری ئەزموونی پەروەردەیی فرەزمانی بکەن.

زمانی کوردی لە عێراق

لە عێراق زمانی کوردی و زمانی عەرەبی دوو زمانی فەرمی وڵاتەکەن، لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغەکانی خوێندن بە زانکۆکانیشەوە دەخوێنرێت، هەروەها لە دامودەزگا فەرمییەکانیشدا بەکاردەهێنرێت، بەڵام زۆرێک لە شارەزایانی زمان پێیانوایە هێشتا لە هەرێمی کوردستان وەک پێویست کار بۆ پێشخستنی زمانەکە نەکراوە.

زمانی کوردی لە ئێران

لە ئێران زمانی کوردی نەک هەر قەدەغەیە بەڵکو هەوڵی کارا لە لایەن حکومەتی تارانەوە دەدرێت بۆ ڕێگەگرتن لە فێربوونی زمانی کوردی.

ئەم ئامانجە لە دژی کورد بەم دواییانە زیادی کردووە بۆ نموونە، زارا محەمەدی، چالاکوانی زمانی کوردی و مامۆستا، مانگی ڕابردوو بە هۆی وانە وتنەوە و بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی لە سنە، سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

هەفتەی ڕابردوو هێزە ئاسایشییەکانی ئێران چالاکوان و مامۆستای زمانی کوردی کیومارس لەتیفی لە شاری سنە دەستگیرکرد بەپێی راپۆرتەکانی ڕاگەیاندن لەتیفی لە زینداندا لێیدراوە و ئەشکەنجە دراوە.

XS
SM
MD
LG