Accessibility links

پاکستان یاسایەکی نوێ لە دژی هەواڵی ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا پەسەند دەکات


حکومەتی پاکستان یاسایەکی نوێی تاوانی سایبەری ڕاگەیاندوە کە بە پێی ئەو یاسایە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن بەهۆی بڵاوکردنەوەی "هەواڵی ساختە" دەربارەی بەرپرسانی سەربازی و دادوەری یان دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕووبەڕووی زیندانیکردن ببنەوە.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەو یاسایە نوێترین نموونەیە لە سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین لەو وڵاتەدا کە لە ئێستادا یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتەکان لە جیهاندا بۆ میدیاکاران و ڕۆژنامەوانان.

بەرپرسێکی نوسینگەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ئەو بڕیارە سەرەتا لەلایەن کابینەی سەرۆک وەزیران، عیمران خانەوە پەسەند کراوە و دواتر لە کۆتایی هەفتەدا لەلایەن سەرۆک عارف عەلەویەوە بە دەستبەجێ پەسەند کراوە و بووە بە یاسا.

یاساکەش دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سەرەتا دەبێت لە ماوەی 90 ڕۆژدا پێشکەش بە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بکرێت بۆ پەسەندکردنی، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت حکومەتی هاوپەیمانی عیمران خان یاساکە بە ئاسانی تێبپەڕێنێت و پەسەندی بکات.

لەم ساڵانەی دواییدا ناڕەزایی دەربڕین لە پاکستان بە شێوەیەکی بەرچاو لە دژی سەرکوتکردن و سنوردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دەزگا میدیاییەکانەوە کەمی کردووە.

ڕەخنەگرتن لە دامەزراوە و دامودەزگاکانی ئاسایش لە مێژە هێڵی سوورە لەو وڵاتەدا و گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئەو یاسای نوێیەش هێندەی تر ڕەخنەگران دەخاتە مەترسییەوە.

یەکێتی فیدڕاڵی ڕۆژنامەنوسانی پاکستان بەڵێنی داوە لە دادگا بەرەنگاری ئەو یاسایە ببێتەوە داوای هەموارکردنەوەی یاساکە بکات.

XS
SM
MD
LG