Accessibility links

کاریگەرییە دەروونییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر ئەمەریکاییەکان


نزیکەی دوو ساڵە پەتای کۆرۆنا درێژەی هەیە و ئەم پەتایە نەک تەنیا بووەتە هۆی زیانی گیانی و جەستەیی، بەڵکو کاریگەری دەروونیشی خستوەتە سەر خەڵک.

شارەزایانی بواری نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێن پەتاکە ڕێژەی نەخۆشییە دەروونییەکانی بەرز کردوەتەوە.

نیرمیتا پانچاڵ لە دامەزراوەی خێزانی کایزەر کە ڕێکخراوێکی ناحکومیە و لەسەر ئەو کێشە تەندروستیانەی کە خەڵکی ئەمەریکا ڕووبەڕووی دەبنەوە کار دەکات، دەڵێت "پێش پەتاکە لە هەر 10 کەسی سەرو هەژدە ساڵ، 1 کەس هەبوو کە نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی هەبیت. بەڵام ئێستا نوێترین توێژینەوەی ئێمە ئەوە دەردەخات کە لە هەر 10 کەس، نزیکەی 3 کەس ئەو نیشانانەی تێدایە."

شارەزایان دەڵێن پێدەچێت ئەوانەی کاری زۆر دەکەن و بەرپرسیارێتی زۆرتریان لە میانەی ئەم پەتایەدا لە ئەستۆدایە، ئەوا زۆرتر ڕووبەڕووی نەخۆشییە دەروونییەکان دەبنەوە.

لیسا براون، بەڕێوەبەری بەرنامەی تراما لە زانکۆی پالۆ ئالتۆ دەڵێت "ئێمە زۆرجار بەو کەسانەی کە بەرپرسیارێتی زۆریان هەیە، دەڵێن نەوەیەک کە لە نێوان باوک و دایک و منداڵەکانیاندا گیریان خواردوە. بە سەرێکەوە دەبێت ئاگایان لە باوک و دایک و منداڵەکانیان بێت کە بەتایبەتی بەهۆی ئەم پاتەیەوە لە کۆمەڵگە دابڕاون و هەروەها لەوانەیە لە ماڵیشەوە ناچار بن وانە بە منداڵەکانیان بڵێنەوە و دەبێت هاوکاتیش هەوڵ بدەن ژیانی کۆمەڵایەتی رێکبخەن."

دەروونناسان دەڵێن پەتاکە بە شێوەیەک لە شێوەکان لەسەر هەموو کەسێک کاریگەری هەبووە.

زۆرینەیەکی زۆر لە ئەمەریکاییەکان یان خزمێکی نزیکیان گیانی لە دەستداوە یان بەو هۆیەوە بە شێوەیەکی قورس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

زۆر کەس بەهۆی کۆرۆناوە کارەکانیان لە دەست داوە، منداڵەکان دەرفەتیان لەگەڵ هاوتەمەنەکانیاندا بۆ نەماوەتەوە بۆ یاریکردن و زۆرجار ئاهەنگەکانی قوتابخانەکانیان لە دەست دەچێت. هەروەها ڕێژەی تەڵاق بەرز بۆتەوە.

دەرووناس و کۆمەڵناسەکان پێیانوایە هۆکاری ئەمانە، لەوانەش کێشە دەروونییەکان هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نادڵنیاییەی کە دروستبووە.

ڕۆکسان کۆهن سیلڤێر، توێژەری نەخۆشیە دەروونییەکان لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێت "کاتێک هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێپتێمبەر ڕوویدا، یان گەردەلول و زریانێک ڕوویدا بێت، وادەیەکی هەبووە کە کەی دەستیپێکردوە و کەی کۆتایی هاتووە و دواتر خەڵک پاشماوەکانی ئەو ڕووداوانەیان کۆکردوەتەوە و هەوڵیان داوە سەر لە نوێ ژیانی خۆیان دروست بکەنەوە و هەستنەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە کە شتەکە سەرەتا و کۆتاییەکی ڕوون و دیاریکراوی نییە و ئەمەش سترێس و دڵەڕاوکێکی بەردەوامە بۆ خەڵک."

پسپۆڕانی بواری نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێن ڕێگا ستانداردەکان بۆ بەرنگاربوونەوەی دڵەراوکێکان لەم حاڵەتەدا ناتوانن چارەسەر بن.

ئەوان دەڵێن بۆ نموونە ئەو ئامۆژگارییانەی بۆ بەرەنگاری سترێس لە کاتی ئاساییدا بە خەڵکی دەدرێت ئەوەیە سەردانی هاوڕێکانی و دایک و باوکیان بکەن سەفەر، گەشت گەڕانی شوینە نوێکان بکەن، دەشڵێن بەڵام ئەم ئامۆژگارییانە لە کاتی ئەم پەتایەدا رێگایەکی گونجاو نییە.

چێریل کارمین، توێژەری دڵەڕاوکێ لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ دەڵێت "ئەم کارانە چۆن دەکەیت کاتێک CDC یان دامەزراوەکانی دیکەی تەندروستی ڕایدەگەیەنن کە مەڕۆنە شوێنە قەرەباڵغەکان! ئەگەر حەزت لە مۆسیقایە، مەڕۆ بۆ کۆنسێرتێک، مەڕۆ بۆ سینەماکان، مەڕۆ بۆ کڵێسا یان کنیشتە، ئەمەش ئەو جێگایانەن کە خەڵک تێیاندا کۆدەبنەوە و لەوانەیە یارمەتیدەر بن لە بەرەنگاربوونەوەی دۆخی خراپی دەروونی، بەڵام ئەم شوێنانە لە ئێستادا لە بەردەستدا نین."

پەتای کۆرۆنا تەنانەت کاریگەری خستوەتە سەر خوودی دەروونناسەکانیش. پرۆفیسۆر لیزا براونی، پسپۆڕی تراما دەڵێت بۆ تووش نەبوون بە خۆشی دەروونی هەوڵ دەدات تا ئەو ڕادەیەی کە دەکرێت پەیوەندی بە هاوڕێ و ئازیزەکانییەوە بکات و دەشڵێت "ئێستا کاتێکە کە دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ ئەوانی تردا هەبێت و بۆ نموونە من لە کۆلێژەوە هاوڕێیەکی زۆرم هەیە کە ماوەیەکی زۆر بوو قسەم لەگەڵ نەکردبوون، لەم ماوەیەدا ئەوان تەلەفوونیان بۆ کردم و ئەمە بەڕاستی وا ی لە من کرد هەست بە خۆشی بکەم و ئێوەش با پەیوەندیتان بە یەکترەوە هەبێت و نامەیەک بۆ یەکتر بنێرین!."

شارەزایان دەڵێن ئەو کاریگەرییە دەروونیانەی کە کۆڤید لەسەر خەڵک دروستیکردووە، تەنانەت لە دوای پەتاکەش کۆتایی نایەت و بە لایەنی کەمەوە دوای پەتاکەش ساڵێک دەخایەنێت تاکو خەڵک بتوانن ئاسایی ببنەوە.

XS
SM
MD
LG