Accessibility links

ئەفغانستان: تیمەکانی بەهاناوەچوون لە هەوڵی ڕزگارکردنی منداڵێکدان کە لە بیرێکدا گیریخواردووە


تیمەکانی ڕزگارکردن لە ڕۆژی پێنجشەممە بە پەرۆشەوە لە هەوڵی ڕزگارکردنی کوڕێکی نۆ ساڵاندا بوون کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە بیرێکدا لە نزیک گوندێکی دوورە دەستی باشووری ئەفغانستان گیریخواردووە.

هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی منداڵەکە لە گوندی (شۆکاک)ی سەر بە پارێزگای زابول بەدەوامن، ئەمەش کەمتر لە دوو هەفتە لە دوای هەوڵێکی هاوشێوە بۆ ڕزگارکردنی منداڵێک لە مەغریب کە لە بیرێکدا گیریخواردبوو، بەڵام بە گیان لە دەستدانی منداڵەکە کۆتایی هات.

ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن بەرپرسانی تاڵیبانی ئەفغانستانەوە بڵاوکراوەتەوە، کوڕێک بە ناوی حەیدەر نیشان دەدات کە لە بیرێکدا گیریخواردووە و دەتوانێت قۆڵەکانی و بەشی سەرەوەی جەستەی بجوڵێنێت.

ڤیدیۆکە لەلایەن تیمەکانی ڕزگارکردنەوە تۆمارکراوە کاتێک کامێرایان بە گوریسێک خستە ناو بیرە تەسکەکە.

بەرپرسانی خۆجێیی دەڵێن کە کوڕەکە ١٠ مەتر (٣٣ پێ) لە ژێر ستوونی ٢٥ مەتریی گیری خواردووە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆکە باوکی منداڵەکە توانیویەتی قسە لەگەڵ منداڵەکە بکات و منداڵەکەش بە دەنگێکی کز و لاوازەوە وەڵام دەداتەوە.

عەبدوڵڵا عەزام سکرتێری جێگری سەرۆک وەزیران عەبدولغەنی بارادە لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت تیمێک بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری، ئۆکسجین و پێداویستیەکانی ترەوە لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەن.

تیمەکانی بەهاناوەچوون لە گۆشەیەکەوە دەستیان بە هەڵکەندن کردووە تا بتوانن لەو ڕێگەیەوە بگەنە ئەو شوێنەی کە منداڵەکە تێیدا گیری خواردووە.

هەر وەک ئەو شێوە ئەندازیاریەی کە تیمەکانی فریاکەوتن لە مەغریب هەوڵیان دا لە سەرەتای مانگی دوودا بۆ ڕزگارکردنی منداڵێک کاتێک لە بیرێکی 32 مەتریدا گیریخواردبوو. بەڵام دوای 5 ڕۆژ بە مردووی دەرهێنرا.

ڕەوشی "ڕایانی بچووک" سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و بە هاشتاگی عەرەبی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر #SaveRayan هاوسۆزیەکی زۆری لێکەوتەوە.

XS
SM
MD
LG