ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە گەورەترین بۆنەی وەرزشی ساڵ بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. یاری کۆتایی فوتباڵی ئەمەریکایی ناسراو بە سوپەر بۆڵ لە نێوان تیمەکانی سنسناتی بێنگەڵس و لاس ئەنجڵس ڕامس بەڕێوەچوو.
ڕامس بە 23 خاڵ بەرامبەر 20 توانی لە بێنگەڵس بباتەوە.
هەردوو تیمەکە بەشێوەکی چاوەڕوان نەکراو گەیشتنە یاری کۆتایی و ئەمە یەکەم جارە لە سوپەر بۆڵ ڕووبەڕووی یەکببنەوە. بێنگەڵس پێش ئەم ساڵ تەنها دوو جار گەیشتووەتە سوپەر بۆڵ ئەویش لە ساڵی 1981 و ساڵی 1988 بوو بەڵام هیچ جارێک نەیبردووەتەو. بەڵام ڕامس ئەمە پێنجهەم جاری بوو بچێتە سوپەر بۆڵ لە ساڵی 1999ش توانی لە تێنسی تایتنس بباتەوە.
سوپەر بۆڵ تەنها وەکو بۆنەیەکی وەرزشی لێی ناڕواندرێت بەڵکو ڕەهەنێکی کۆمەڵایەتی و ئابوریشی هەیە لە ئەمەریکا. دۆست و هاوڕێیان پێکەوە کۆدەبنەوە بۆ تەماشاکردنی یارییەکە، هاوکات خەڵکی لە ڕێستورانتەکان کۆدەبنەوەو لە شاشە گەورەکانەوە پێکەوە دەڕواننە یارییەکە.
ئەمەریکاییەکان هەر لە سەرەتای وەرزی فوتباڵەوە لەگەڵ هاڕێکانیان پلانی پێکەوە تەماشاکردنی یارییەکە دادەنێن. ئاکۆ ئەحمەد کورێکی ئەمەریکاییەو لەگەڵ تۆنی ئێدوینگی هاوڕێی پێکەوە تەماشای یارییەکەیان دەکرد، هەرچەندە هەردووکیان پشتیوانیان لە تیمە جیاوازەکان دەکرد. ئاکۆ کە پشتیوانی لە بێنگەڵس دەکات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەم سوپەر بۆڵە زۆر جیاوازە بۆمن یەکەم لەبەر ئەوەی ئەم ساڵ بەتەنها تەماشای یارییەکە ناکەم، چونکە دوو ساڵی ڕابردوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەمتوانی چێژ لە سوپەر بۆڵ ببینم و بەتەنها بووم. بەشێکی تری خۆشی ئەم سوپەر بۆڵە ئەوەیە کە هەردوو تیم لەو تیمانە نین کە بەم دواییانە هەمیشە لە سوپەر بۆڵن وەکو نیو ئینگڵند پێتریەت."
تۆنی ئێدوینگ بە دەنگی ئەمەریکای وت " هەرچەندە تیمەکەی خۆم تیمی واشنتن دۆڕان بەڵام پشتیوانی لە ڕامس دەکەم چونکە هەست ئەکەم زەحمەتێکی زۆریان بینی و خۆیان پێشخستووە."
یەکێک لە بەشە گرنگەکانی سوپەر بۆڵ پشووی ناوەڕاستی یارییەکەیە، کاتێک هونەرمەندە بەناوبانگەکانی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ لە نێو گۆڕەپانی یارییەکەوە نمایش دەکەن. لە سوپەر بۆڵی ڕۆژی یەکشەممە هونەرمەندە هەرە بەناوبانگەکانی ئەمەریکا سنووپ داگ، د. درەی، مێری جەی بلایج، 50 سێنت، کێندرک لامار و ئێمنێم نمایشیان کرد و ملیۆنان کەس لە ستادیۆم و لە شاشەکانی تەلەفیزیۆنەوە ڕاستەوخۆ تەماشایان دەکرد.
یەکێک لە شتە گرنگەکانی کە دەبێتە بابەتی باسکردن لە کاتی سوپەر بۆڵدا ئەو ڕیکڵامانەن کە لە ناوەڕاستی یارییەکەدا دەکرێن و گرانبەهاترین ڕیکڵامی تەلەفیزیۆنن. ڕێکڵامەکانی ئەم ساڵ بۆ هەر 30 چرکە ڕیکڵام نرخەکەی 7 ملیۆن دۆلار بووە. ئەو خواردنانەش کە لە کاتی سوپەر بۆڵ ئەمەریکاییەکان دەیخۆن باڵی مریش کو پیتزایە.