Accessibility links

بە تۆمەتی پشتگوێخستنی دەستدرێژی سێکسی سکاڵایەک لە دژی  زانکۆی هارڤەرد تۆمار دەکرێت


سێ خوێندکاری دەرچووی زانکۆی هارڤەرد ڕۆژی سێشەممە لە تۆمارێکی یاسایی فیدراڵیدا ڕایانگەیاند زانکۆی هارڤارد بۆ ماوەی چەند ساڵێکە سکاڵاکانیانی سەبارەت بە گوایە دەستدرێژی سێکسی پرۆفیسۆرێکی بەناوبانگ پشتگوێ خستوە و وەهایکردووە ئەو پرۆفیسۆرە لە ڕێگەی پیشەکەیەوە، هەڕەشەی دەرکردن لە خوێندکارەکان بکات.

سکاڵاکەی کە لە دادگای ناوچەیی ئەمەریکا لە بۆستۆن پێشکەشکراوە، بانگەشەی ئەوە دەکات یەکێک لە خوێندکارەکان بەناوی لیڵیا کیڵبەرن لە سەرەتای ساڵی 2017 لەلایەن پرۆفیسۆر جۆن کۆمارۆف کە مامۆستای مرۆڤناسی و خوێندنەوەی ئەفریکا- ئەمەریکایە، بە شێوەیەکی زۆرەملێ ماچکراوە و چەندین جار دەستی بۆ براوە.

ئەو خوێندکارە لە سکاڵاکەی خۆیدا بانگەشەی ئەوەش دەکات، کاتێک لە ساڵی 2017 لە بۆنەیەکیتردا چاوی بە کۆمارۆف کەوتووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانەکانی بۆ خوێندن لە وڵاتێکی ئافریکادا، ئەو مامۆستایە بە بەردەوامی پێی گوتوە لەوانەیە لە ئافریکا ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە، چونکە ئەو لە پەیوەندییەکی هاوڕەگەزخوازیدا بووە.

کۆمارۆف کە لە سکاڵاکەدا وەک تۆمەتبارێک ناوی نەهاتووە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە، ئەو بە شێوەیەکی توند نکۆڵی لە هەر چەشنە ئازار و دەستدرێژی و هەڕەشەیەک دەکات بەرامبەر بە خوێندکاران.

دوو کەسەکەی تری کە سکاڵایان کردووە، بریتین لە مارگرێت چوروینسکی و ئامولیا مانداڤا. ئەوان لە سكالاکەیاندا بانگەشەی ئەوە دەکەن کاتێک راپۆرتی هەڵسوکەوتی خراپی کۆمارۆفیان بە بەڕێوەبەرانی زانکۆی هارڤەرد ڕاگەیاندوە، ئەو مامۆستایە هەڕەشەی توڵەکردنەوەی لە رێگەی دەرکردن لە پیشەکانیانەوە لێکردوون.

لە سکاڵاکەدا هاتووە پشتگوێخستن و بەردەوامنەبوونی هارڤەرد لە کارکردن لەسەر راپۆرتەکان لە دژی پرۆفیسۆر کۆمارۆف، کەمتەرخەمی ئەو دامەزراوەیە نیشان دەدات کە وەک سیاسەتێک بۆ پاراستنی ناوبانگی زانکۆکە و مامۆستاکانی پەیرەوی دەکات.

ئەسۆشیەیتد پرێس دەڵێت داوایان لە گوتەبێژێکی هارڤەرد کردووە لەو بارەیەوە لێدوانیان بۆ بدات، بەڵام گوتەبێژەکەی هارڤارد لە ڕێگەی ئیمەیڵێکەوە ڕەتی کردووەتەوە لەو بارەیەوە لێدوان بدات، هەرچەندە کۆپی نامەیەکی سەرۆکی بەشی هونەر و زانستی زانکۆی هارڤەردی پێشکەش کردوون کە دەڵێت کۆمارۆف لە مانگی ڕابردووەوە تا کۆتایی سیمستەری بەهار لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لێکۆڵەرەوەکانی زانکۆ بۆیان دەرکەوتوە کە ئەو دەستیکردووە بە شەڕێکی زارەکی کە لە دژی سیاسەتی سێکسی و ڕەگەزی و پیشەیی زانکۆکە بووە.

سەرچاوە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG