Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و هاوتا ئیسرائیلییەکەی تاوتوێی هەڕەشەکانی ئێران دەکەن 


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە 30ی مانگی1، لەگەڵ یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کۆبووەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هەردوولا باسیان لە "پەیوەندی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل" و "بەرەنگارییە هاوبەشەکانیان" کردووە، لەوانەش مەترسییەکانی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و هەروەها ئەو هەڕەشانەی کە ئێران دروستیان دەکات.

بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بلینکن جەختی لەسەر "پابەندبوونی تەواوەتی" بەڕێوەبەرایەتیی جۆو بایدن سەبارەت بە ئاسایشی ئیسرائیل کردوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە هەروەها باسی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینیشیان کردووە.

ئەم پەیوەندی و گفتوگۆکردنە لە کاتێکدا دێت کە بەرپرسانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکیەکەی ئێران گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و کاتی ئەوە هاتوە بڕیاری سیاسی بدرێت.

ئیسرائیل بە بەردەوامی ڕایگەیاندوە نیگەرانە سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێراندا و هەروەها بوونی سەربازی ئێران لەسوریا بەهەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەبینێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە هەمان ڕۆژەدا لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینیەکان گفتوگۆی کردوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەوان باسیان لەگرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین و گەلی فەلەستین کردووەوە و هەروەها سەبارەت بە پێویستبوونی باشترکردنی چۆنیەتی ژیانی فەلەستینیەکان قسەیان کردوە.

ئەو وەزارەتە دەشڵێت ئەنتۆنی بلینکن و مەحمود عەباس تاوتوێی کێشە و گرفتەکانی بەردەم دەسەڵاتی فەلەستین و پێویستبوونی چاکسازیان کردوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە کە بلینکن جارێکیتر دووپاتی کردوەتەوە کە حکومەتی ئەمەریکا پابەندە بە "چارەسەرێکی دوو دەوڵەتەوە" بۆ ئیسرائیل و فەلەستین.

XS
SM
MD
LG