Accessibility links

مانگرتنی مامۆستایان لە ئێران دەستپێدەکات


ڕۆژی شەممە مامۆستایان لە دەیان شاری سەرانسەری ئێران بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان مانیان گرت و نەچوونە پۆلەکانەوە.

خۆپیشاندانی مامۆستایان یەکێکە لە ناڕەزاییە بەردەوامەکانی سەندیکاکانی مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تەشەنەی سەندووە.

مانگرتنەکەی ڕۆژی شەممە لە دوای بانگەوازێکی ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی ئێران دێت و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 30ی مانگ دووبارە ببێتەوە.

لەم مانگرتنەدا مامۆستایانی خوێندنگاکانی دەیان شار و شارۆچکەی ئێران چ لە نێو خوێندنگاکان و چ بە ئۆنلاین کارەکانیان ڕاگرتووەو نەچوونەتە پۆلەکانی خوێندنەوە.

محەمەد حەبیبی گوتەبێژی سەندیکای مامۆستایانی ئێران لە تویتێکدا ئەو مانگرتنەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت " دەستپێکی مانگرتنی تەواوی مامۆستایان لە سەرانسەری وڵات تا ئێستا زیاتر لە 200 شار و ناوچەو ناحیەکانی پەروەردەیی گرتووەتەوە لەگەڵ دەیان هەزار مامۆستادا."

ئەم مانگرتنە لەکاتێکدایە پێنج ڕۆژ لەمەوبەر ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی ئێران ڕایگەیاند کە مامۆستایان لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە مانگرتن دەکەن.
مامۆستایانی ئێران چەندین داواکارییان لە حکومەت هەیە کە داواکارییە هەرە گرنگەکانیان زیادکردنی مووچەکانیان و باشکردنی باری گوزەرانیانە.

XS
SM
MD
LG