Accessibility links

سیخوڕێک لە زانکۆیەکی ئەڵمانیاوە وردەکارییەکانی مووشەکی ئاریانی بۆ ڕوسیا دەگوازێتەوە


داواکاری گشتی ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە زانایەکی ڕوسیان تۆمەتبارکردووە بە سیخوڕی و هاوبەشیکردنی زانیاری لەسەر بەرنامەی موشەکی ئاسمانی ئاریانی ئەوروپا لەگەڵ مۆسکۆدا. ئەو کەسە لە زانکۆی باڤاریا کاریکردووە.

تۆمەتبارەکە کە تەنیا بە (Ilnur N) ناسێنراوە و لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا دەستگیرکراوە، ئەمە نوێترین کەیسە لە زنجیرە سیخوڕییەکانی ڕوسیا، لە سەرو وەختێکدا کە گرژیەکانی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا لە خراپترین دۆخ دایە لەوەتەی جەنگی ساردەوە تا ئێستاکە لە خاکی ئەڵمانیادا.

داواکارانی گشتی ئاماژە بەوە دەکەن کە (Ilnur N) لە زانکۆی باڤاریا کاریکردووە؛ بەڵام ناوی نەهێنراوە کاتێک لە پایزی ساڵی 2019 پەیوەندی بە هەواڵگری دەرەوەی ڕووسیاوە کردووە.

داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دوابەدوای ئەوەی ڕازیبووە هاوکاریان بکات هەستاوە بە "گواستنەوەی زانیاری لەسەر پرۆژەکانی توێژینەوە لە بواری تەکنەلۆجیای بۆشایی ئاسمان، بە تایبەتی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی پەرەپێدانی دەزگای موشەکی ئاریانی ئەوروپی."

بەرنامەی ئی ئێس ئەی ئاریان بریتییە لە زنجیرەیەک ڕۆکێتی گواستنەوە کە وا کڵێشەکراوە بۆ گواستنەوەی بارە قورسەکان لەوانە سەتەلایتەکان بۆ بۆشایی ئاسمان.

بە وتەی داواکاری گشتی؛ (Ilnur N) لە کۆتایی مانگی 11 ی ساڵی 2019 ەوە بۆ دواتر لەگەڵ ئەفسەرێکی پایەبەرزی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ڕوسیا لە ئەڵمانیایە بە ڕێکوپێکی پێکەوە کۆبوونەتەوە.

گوایە بڕی 2500 یۆرۆ کە دەکاتە (2800 دۆلار) ی بە کاش وەرگرتووە لە پای ئەو زانیاریانەی کە هاوبەشی پیکردووە و هاوکات ئەو وردەکارییەکانە توێژینەوە زانستیەکەی خۆشی لە زانکۆی باڤاریای لە خۆگرتبوو.

بە وتەی داواکاری گشتی (Ilnur N) وەک یاریدەدەری توێژینەوە لە بەشی زانستە سروشتییەکان و تەکنەلۆجیای زانکۆکە کاری کردووە.

لەسەروەختی دەستگیرکردنەکەیدا؛ زانکۆی ئۆگسبۆرگ لە باشوری ئەڵمانیا گوتی (Ilnur N) لەوێ کار دەکات.

کەیسەکە دوابەدوای هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ڕوسیا دێت کە ڕۆژئاوا ترسی ئەوەی هەیە مۆسکۆ پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت.

ئۆلاف شولز سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا پەیمانی دا کە ڕوسیا "باجێکی قورس" دەدات ئەگەر هێرشبکاتە سەر ئۆکرانیا.

لەگەڵ هەڵکشانی مەترسیەکان دا ئانلینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا کە بۆری نۆرد ستریم 2 کە بەم دواییانە لە نێوان ڕوسیا و ئەڵمانیادا تەواو بووە، دەتوانێت ببێتە ئامانجی سزاکان.

ئەڵمانیا و ڕوسیاش ناکۆکبوون لەسەر بەردەوام دەستبەسەرکردنی ڕەخنەگرەکەی کرێملین ئەلێکسی ناڤالنی کە لە بەرلین بە هۆی ژەهرایکردنەوە بە ڕادەیەک کە نزیک بوو لە مردن چارەسەری بۆ دەکرا.

دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئەوروپا لە ڕووی ئابورییەوە لەم چەند مانگەی دواییدا چەند حاڵەتێکی گوماناوی سیخوڕی ڕوسیان لە خاکەکەیاندا بەدیکردووە.

لە مانگی 10 ی ساڵی 2021دا لە کاتی کارکردن بۆ کۆمپانیایەکی ئاسایشی پیاوێکی ئەڵمانی بە سزای دوو ساڵ زیندانی سزادرا؛ بەهۆی ئەوەی کە لەوکاتەدا کاری کردووە بۆ ئەو کۆمپانیا ئاسایشییە، نەخشەی ژێرزەمینی باڵەخانەکانی پەرلەمانی دابوو بە دەزگا سیخوڕییەکانی ڕوسیا.

لە مانگی 8 ی ساڵی ڕابردووشدا کارمەندێکی پێشووی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەرلین بە گومانی گواستنەوەی بەڵگەنامەکان بۆ دەزگای هەواڵگری ڕوسیا دەستگیرکرا.

هاوکات ئەڵمانیاش بە بەردەوامی ڕوسیا بە هەوڵی سیخوڕی و هێرشی ئینتەرنێتی تۆمەتبار کردووە.

بەدناوترین ڕووداو کە تا ئێستا لۆمەی هاککەرانی ڕوسیا دەکرێت کە ئەوان ئەنجامیان دابێت، هێرشە ئینتەرنێتییەکەی ساڵی 2015 بوو کە تۆڕی کۆمپیتەری ئەنجومەنی نوێنەرانی (بۆندستاگ)ی پەکخست و هەموو دامەزراوەکەی ناچاری کرد بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە بکەن تا چاکبکرێتەوە.

بەڵام ڕوسیا بەرپرسیاریەتی ئەو جۆرە چالاکییانە ڕەتدەکاتەوە.

هاوکات پەیوەندی هەردوو وڵاتەکە لە مانگی ڕابردوودا گورزێکی دیکەی بەرکەوت؛ دوای ئەوەی دادگایەکی ئەڵمانیا بڕیاری دا کە مۆسکۆ فەرمانی کردووە بە کوشتنی سەرکردەیەکی پێشووی چیچانی لە پارکێکی بەرلین لە ساڵی 2019 دا.

لە وەڵامدانەوەی ئەمەدا بەرلین هەستا بە دەرکردنی دیپلۆماتە ڕوسییەکان لە وڵاتەکەیدا، ئەمەش بە هەمانشێوە بووە هۆی وروژاندنی بەرپەرچدانەوەی ڕوسیا کە ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە کوشتنەکەوە هەبووبێت.

XS
SM
MD
LG